۱۳۹۶/۹/۷

گۆڕستان




خەبات ڕەسووڵی
من گوتم: ئەگەر بێ بۆ خۆم دەیکوژم.لەڕێوە ملی دەگرم و بەم عەرزەی دادەدەم و تا هەناسەی لێ نەبڕم بەری نادەم.نا....نا ئاوا زووش نابێ بمرێ. گوریسێک لە ملی دەکەم و بەدوای خۆمدا رایدەکێشم.تا دەخنکێ و لاشەی هەپروون بە هەپروون دەبێ.
من گوتم: ئەی ئەگەر نەهات؟کێ دەڵێ پاش بیست ساڵ زیندان هەڵدەستێ و دێ بۆ ئێرە؟خۆ بە خۆشی پێی خۆش بێ، کوڕەکانی ناهێڵن.تازە هەرچی بووە،بووە.شەیتان بە نەحلەت بکە و سەرت بەردەوە و ژیانی خۆت بکە.نایا بە تەما مەبە.
من گوتم: ئەو کات منداڵ بووم،دەی خۆ ئێستا منداڵ نیم.ئەو نایا من دەچم.
من گوتم: وەڵڵا لەتوپەتت دەکەن.هەر سەگەکانی بەردەرکەیانت تێ بەردەن بەسە.
من گوتم: باشە ئەو دینم گاوانە بۆ بەریاندا؟بۆ وەک سەگ نەیان تۆپاند؟
من گوتم: دەی دوای ڕاپەڕین کەس لە زیندان نەما هەموو بەربوون،ئەویش هاتۆتەوە.
من گوتم: خۆ منیش نەیکوژم مامەکانم هەر دەیکوژن.
من گوتم: وەڵلا هیچ گونیشیان پێی ناچێ.تۆ ئەو کات منداڵ بووی ،ئەوان پیاوی ژن و منداڵدار بوون.بیانویستبوایە بیکوژن هەر ئەو کات دەیانکوشت.
من گوتم: نا فریا نەکەوتن حکوومەت زوو هات و گرتیان.
من گوتم: خۆت فریو دەدەی.تا گرتیان سێ رۆژ وەک کەڵەگا لە نێو ئاواییدا خولاوە و قەڵسەی گێڕا.چما پیاو هەبوو بڵێ پشت چاوت برۆیە.
من گوتم: باشە من چ بکەم؟ بیکوژم دەمکوژنەوە،نەیکوژم ئەی خوێنی باوکم کێ تۆڵەی بکاتەوە؟
من گوتم: بیست ساڵ زیندان تۆڵەی خوێنی باوکتە.ئەو کە گیرا جحێڵ بوو.ئێستا هەموو سەروڕدێنی سپی بووە.
من گوتم: نەیکوژم حەیام دەچێ.دەڵێن کوڕەکەی پیاو نەبوو ،تۆڵەی خوێنی بابی بکاتەوە.
من گوتم: کێ وادەڵێ ؟
من گوتم: خەڵک
من گوتم: کێ؟
من گوتم: خەڵک ،دەروجیران.خزمەکان.چووزانم ئەوەی ئاگای لەم باسەیە.
من گوتم: دەی ئەگەر کوشتت و تۆیان کوشتەوە دوایە ،ئەو خەڵکە دێن منداڵەکانت بە خێو بکەن؟
من گوتم: من چۆن گەورە بووم ،منداڵەکانیشم هەروا گەورە دەبن.
من گوتم: تۆ لە قوون دەرکەی ماڵان گەورە بووی.دایکت دوای مردنی باوکت شووی کردەوە و تۆ مایەوە و ئاوارەیی.
من گوتم: باشە تۆ دەڵێی من چ بکەم؟
من گوتم: من هیچ ناڵێـم.تۆ دەبێ بڕیار بدەی.
من گوتم: ئەو دێ و داوای گەردن ئازادی دەکات.من دەڵێـم بڕۆ لەو دێیەدا نەتبینمەوە و ملت بشکێنە دەچی بۆ کوێ بچۆ.
من گوتم: ئەی ئەگەر وای نەکرد؟دەیکوژی؟

من گوتم: نا ئەگەر بیکوژم .دوایە دەمکوژنەوە.

هیچ نظری موجود نیست:

ارسال یک نظر