۱۳۹۶/۱۲/۲

پرسی زمانی دایکی لەگەڵ ژمارەیەک نووسەر و وەرگیڕ




21 فێڤرییەی هەموو ساڵێک رۆژی جیهانیی زمانی زگماک یان زمانی دایکی یە و بە بایەخەوە چاو لەو رۆژە دەکرێ.
گرنگی و بایەخی زمانی دایکی لە چ دایە و ئێمە وەک نەتەوەی کورد دەبێ چ بکەین بۆ ئەوەی لە ژێر هەژموونی داگیرکەرانی کوردستاندا پەرە بە زمانی دایکیمان بدەین، ئەو تایبەتمەندییانە چین کە لە زمانی کوردیدا هەیە و دەبێ کاریان لەسەر بکرێ بۆ ئەوەی وەک زمانێکی زیندوو لە گشت بوارەکانی هزر و بیرکردنەوەدا کاری پێ بکرێ؟
بۆ وەڵامدانەوەی ئەو پرسیارانە، ڕای کۆمەڵێک نووسەر و مامۆستای شارەزا لە زمانی کوردیم وەرگرتووە.
ئامادەکردنی: جەمال نەجاری

 ڕەشید کرمانج/ مامۆستای زانکۆ
"زمانی زگ‌ماک بناغەی هزر و بیر وشوناسی مرۆڤە. مرۆڤ بێ زمانی زگ‌ماک شوناسی نییە. مرۆڤی بێ شوناس تووشی قەیران و بۆشایی دەبێت. جگە لە شوناس هزری مرۆڤ پەیوەندی ڕاستەوخۆی لە گەڵ زمانی زگ‌ماک هەیە. ئەو مرۆڤەی زمانی زگ‌ماکی خۆی چاک فێر دەبێت و چاکی بەکاردێنێت هزر وبیری بەرفرەوانتر دبێت. متمانە و پەرمون و باوەڕبەخۆبوون بە مرۆڤ دەبەخشێت. کەسایەتی بەرز دەدا بە خاوەنی. زمانی زگ‌ماک هەر وەک ئاڵفۆنس دودە دەڵێ: کلیلی بەندیخانەیە و تا کاتێ بیپارێزین وەک ئەوە وایە کلیلی بەندیخانەی خۆمان پێ بێت و خۆمانی پێ ڕزگار دەکەین.
ئێمەی کورد بۆ پاراستنی زمانی زگ‌ماک دەبێ لە ماڵی خۆمانەوە تێکۆشانەکان دەست پێ‌بکەین. ئێستا کە بواری خوێندن بە زمانی خۆمان لە سەرەتاییەوە نییە دەبێ خۆمان فێر بین و منداڵمان فێر بکەین و لە ماڵێ زمانی پاڕاو بەکاربێنین. ڕێکخراوە ناحوکمییەکانیش دەتوانن دەورێکی باش بگێڕن و خەڵک فێر کەن. لەم هەل ومەرجەدا دانانی زمانی کوردی لە لایەن ڕەژیمەوە زیاتر بە پیلان بۆ تێکدانی زیاتری زمان دەزانم تا پلان بۆ پاراستنی، جا بۆیە پێم وایە لەم بارودۆخەدا تەنیا خودی خەڵک و ڕێکخراوە ناحوکمییەکان دەتوانن زمان بپارێزن. ئەم ئەرکە زیاتر دەکەوێتە سەر شانی دایکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان. دایکان خۆیان بە باشی زمانی کوردی فێر بن و بە باشی فێری منداڵانی بکەن و پێیان شوورەیی نەبێ بە زمانی خۆیان قسە بکەن و خۆیان بە کەم نەزانن چونکێ گەورەترین هۆی بە زمانی بێگانە قسەکردن خۆ بە کەم زانینە.
زمانی کوردی بە کەڵک وەرگرتن لە زاراوە جۆراوجۆرەکانی دەتوانێ خۆی لە هەمبەر هێرش و هەژموونی زمانی بێگانە ڕاگرێ. ئێمە دەبێ زاراوە جیاوازەکان وەک دەرفەت چاو لێ بکەین و بۆ هاوتاسازی لە هەمبەر وشەی بێگانە کەڵکیان لێ وەرگرین. ڕێساکانی وشەسازی کوردی ئەگەر بە تێر وتەسەلی کاری لە سەر بکرێ ژێرخانی وشەی کوردی زۆر لە ئێستا دەوڵەمەندتر دەکا و لانی کەم بۆ زانستە مرۆڤییەکان کێشە و کەمایەتیمان نابێ و زۆر بە جوانی دەتوانین بیر وهزری خۆمانی پێ ڕاگۆزین و بیری پێشکەوتووی بێگانەی پێ بێنینە ناو زمانی خۆمان و هزر وبیرمان دەوڵەمەندتر بکەین. لەم ڕاگوێستنەوەدا زمانیش زیاتر کاری پێدەکرێ و زیاتر گەشە دەکا. زۆر تایبەتمەندی زمانی کوردی چون کاری پێ‌نەکراوە قەتیس و بەرتەسک ماوە. دەبێ ئەو تایبەتمەندییانە پەرەیان پێ‌بدرێ و لەکار بگیرێن تا هێزی زمان زیاتر بکەن."


جەلیل ئازادیخواز/ نووسەر
پێمخۆشە بەم ڕستەی هایدگر بچمە باسەكەوە كە دەڵێ:
”زمان یانەی بوونە ”
فاكتەرێكی بەڵگە نەویستی بوون و جیهان زمانە .  ئەم ڕستەی یەكێ لە فەیلەسوفانی فەلسەفەی مۆدێڕن بەرجەستەكەرەوەی زەرورەت و حەتمیەتی زمانە ، لە خولقان و پێكهێنانی شارستانیەت و بوون و دەركەوتن و بەرجەستەبوونەوەی مرۆڤ و ژیاندا.ڕەنگە ڕەوابێت بڵێن;  زمان یەكەم بەستێنە، كە مرۆڤ هەست بە ئازادی و ئافراندن و دەربڕین و وانوێنەوەی خۆی دەكات،  بە وجۆرەی كەخۆی حەزدەكات .یا مرۆڤ لە زماندا بە مانا ئابستراكەكەی دەگاتە ئازادی و سەربەخۆی.
زمان تەنیا ئامڕازی پەیوەندی و گواستنەوە و لێك تێگەشتن و خەمڵانی ئەم ڕەوتە و ئافراندنی نییە .كاتێ زمان دەیەوێت خۆی و نەتەوە مووتوربە بكات،  لە ئامڕاز بوون دەردەچێت و دەبێتە مەبەست .ئەو زمانانەی كە دەخوازن نەتەوە پێناسە و بەرجەستەكەنەوە و تایبەتمەندی دیاری خۆی پێببەخشن،  واتە بوونی نەتەوە ومرۆڤ زامن
بكەن ،  زۆرتر مەبەستن،  تا هۆكارێك بۆ گەیاندن و گواستنەوە.
لەڕاستیدا زوان ، بەشێوەكی قوڵ تیكچنراویەكی بنەمایی و هزریی  و كۆمەڵایەتی هەیە ،لەگەڵ كۆی ئەو باوەڕو بەهاو ناسنامەیەی ،كە جەماوەری گەل فام و هەستی دەكات .بۆیە زوان لە ڕەخسانی دەرفەتی تێفكرین و هزرین و قوڵبوونەوە بۆ ئاستەكانی ئافراندن ڕۆڵی كاریگەری هەیە .زمان لە بیچمگیری و ڕواڵەت بەخشی و پێكهێنانی كەسایەتی تاك و ناسنامەی كۆمەڵایەتی و كۆی كولتووری گشتیدا،  ڕۆڵی هەرەگرنگ دەبینێ و دەتوانین بڵێن;  خولقێنەرو ئافرێنەری ئەم ڕەوتەیە.گرنگترین ئامڕازی پەیوەندی كولتووری و ڕەوایەتی مێژوو و هێڵانەوەی یادەوەری بەكۆمەڵ و ناسنامەی جەماوەر وگەلانە .لە زۆر چركەساتی مێژووی دا لە زەمەنی ژیانی كۆمەڵایەتی گەلاندا ، تەنیا زمان هۆكاری مانەوە و بوونیان بووەو هەیە.
زمانی كوردی سەرەڕای هەبوونی هەمووتایبەتمەندیە باسكراوەكان،لە مێژووی كۆن و نوێ دا فاكتەرێكی سەرەكی ڕاگرتنی كورد بووە وەك نەتەوە .سەرەڕای ئەمەش زیاتر لە سیاسەت و ئابووری توانیویەتی خزمەتی یەكێتی لێكترازێنراوی نەتەوەیمان بكات .  لە ترازانی زۆرتر و سڕینەوەی كولتووری هاوبەش و سۆزی نەتەوەیی و سۆزداریی نیشتمانیمان بەرگری بگات .لە ڕاستیدا لە سەدساڵەی دوایدا ، زمانی كوردی سیمای مەزن و بەرجەستەی كورد بووە ، وەك نەتەوە .لە غیابی دەوڵەت و دەسەڵات دا ئەوە زمان بووە ، كەئەركی هێڵانەوەی نەتەوەی بەئەستۆ بووە.فۆرمەكانی زمانی كوردی لە ئەدەب و فۆلكلۆردا و كۆی ژانەرەكانی شیعر و چیرۆك و ڕۆمان و پەخشان و فۆرمەكانی ترەوە ،  بە كلاسیك و نوێ وە هەڵگری تایبەتمەندیەكانی كورد بوون . زمان و نیشتمان و سرووشتی مرۆڤی كورد و سرووشتی نیشتمانە كەشیەتی.
فۆلكلۆری كوردی ڕەوایەتی بوون و ئافراندنی ڕۆژانەی نەتەوەیەكە ،كە تەنیا لە توانایەكانی ئەم زمانەدایە، كە ئەگەری بوون مانەوەو ئافراندنی ڕۆژانەیان زامن دەكرێت.
گرنگی زمانی دایك تەنیا هەوڵی ئاسانكردنی پەیوەندی ئاخێوەرانی زمانێك نییە .بەڵكو حورمەتە بە نەریتی ئازادی و فرەچەشنی كولتووری و تێفكرین و بەرگری لەسەڕەڕۆی و سڕینەوە . سڕینەوەی زمان سڕینەوەی مرۆڤ و ناشیرینكردنی جیهان ژینی مرۆڤە
مرۆڤی كورد لە هەركوێی ئەم ئەم جیهانەدا بێت،  ئەركێكی ئەخلاقیی و مرۆیی و نەتەوەیی لەسەرشانە،  كە پاراستن و فێربوون و گەشەی زمانی كوردیە .زمانی كوردی زمانێكی فراوان ئینسانی و ئاشتی خوازانەو سرووشت پارێزە .ڕاستە ئاست و جۆرەكانی زمان لەگەڵ ئاست و ڕەوتەكانی زەمەن وژین و وشیاریدا دەگۆڕێن و ڕەنگدانەوەی ئەو واویعەن .بەڵام واقعی بە ئەختیاری زمان لە بەرەبەیانی بوونەوە ماكە هەناویەكانی خۆی دەگرێت .
فۆلكلۆری كوردیی و باوەڕە كۆنەكانی و فۆرمەكانی گێڕانەوەو لاوانەوەو ناساندنی زمانی كوردی، هەموو بەرجەستەكەرەوەی ئەم تایبەتمەندیانەن .
نەمانی هەر زمانێ نەمانێ كولتوورێك و بە مێژووسپاردنی گەلێك و ژاكانی فرەڕەنگی جیهانە،  بۆ یەك ڕەنگی و بێزاری وملهوڕی .
مرۆڤ لە زماندا دەخولقێت و دەخولقێنێ .مامەڵە لەگەڵ سەربەستی دەكات و سەربەستە .زیندانی كردن و سەپانی پەراوێز نشینی هەر زمانێ سەندنەوەی خولقان و سەربەستی و بوونی ئازادا لە ئاخێوەرانی ئەو زمانە ."


هێمن عومه‌ر خۆشناو / مامۆستای زانکۆ
"من به‌ كورتی ئه‌وه‌نده‌ ده‌ڵێم، خۆزگه‌ كوردستان چل پارچه‌ بوایه‌ به‌ڵام یه‌ك زمانی یه‌كگرتووی هه‌بوایه‌، تازه‌ كار له‌ كار ترازاوه‌ و ئه‌سته‌مه‌ ئه‌مه‌ دروست بێت، پیاو نازانێ به‌ كام ڕێنووسی لاتینی بنووسێ (هی جه‌لاده‌ت یان ئه‌وانی تر؟) به‌ ڕێنووسی ئارامی-عه‌ره‌بی بنووسێ كه‌ له‌ باشوور سه‌د ساڵه‌ بۆته‌ ڕه‌سمی، یان به‌ هی مه‌دره‌سه‌ كۆنه‌كان كه‌ ئێستا له‌ باكوور كتێبی پێ چاپ ده‌كرێت؟ به‌ كرمانجی بنووسێ یان به‌ سۆرانی یان به‌ زازاكی (كه‌ ئێستا زازاكی تێزی ماسته‌ر و دكتۆرای پێ ده‌نووسرێ)، به‌ كرمانجی بادینان بنووسێ (كه‌ له‌ ناوه‌ڕاست ماون نه‌ له‌گه‌ڵ سۆرانی خۆیان ده‌گونجێنن و نه‌ له‌گه‌ڵ كرمانجی باكوور) یان به‌و كرمانجییه‌ لاتینییه‌ی كه‌ سه‌دان كتێبی پێ نووسراوه‌؟ له‌وه‌ش گه‌ڕێ ده‌نگی به‌رزكردنه‌وه‌ی له‌هجه‌ی هه‌ورامی و زازاكیش هه‌یه‌ وه‌ك زمانی جیاواز له‌ كوردی، ئیدی خوا ئاسانی بكات به‌ڵایه‌كی هێنده‌ گه‌وره‌یه‌ هه‌ر نه‌بێته‌وه‌. ئاخر كام نه‌ته‌وه‌ی سه‌ر زه‌وی هه‌یه‌ رۆمانێكی بیانی بۆ چوار له‌هجه‌ی زمانه‌كه‌ی‌ وه‌ربگێڕێت؟ ڕۆمانی بیانی هه‌یه‌، كورد هاتووه‌ وێڕای ئه‌وه‌ی هه‌ر به‌ سۆرانی دوو سێ وه‌رگێڕ وه‌ریانگه‌ڕاندووه‌ته‌ سه‌ر كوردی، به‌ كرمانجی (بادینی و پیتی عه‌ره‌بی) و كرمانجی لاتینی و زازاكی وه‌رگێڕدراوه‌، واته‌ چوار پێنج جار وزه‌ی كوردی بۆ یه‌ك كتێب به‌ خه‌سار داوه‌ و كورد ده‌بێت هه‌ر له‌ چوارچێوه‌ی خۆیدا بخولێته‌وه‌. بۆیه‌ ئه‌وه‌ خه‌مێكی گه‌وره‌یه‌ و نابێ هه‌ر له‌ چوارچێوه‌ی شێوه‌ئاخاوتنی خۆمان بخولێینه‌وه‌ و ئه‌ز بۆیه‌ ناچاربوومه‌ ئه‌و كتێبانه‌ی به‌ كرمانجی كاریان تێداده‌كه‌م له‌ یه‌ك كتێبدا به‌ هه‌ر دوو ڕێنووسی لاتینی و ئارامی چاپیان بكه‌م، كه‌ ئه‌وه‌ش به‌ڵایه‌كی گه‌وره‌یه‌ به‌ڵام چارمان ناچاره‌. له‌به‌رهه‌ندێ وه‌ڵامی پرسیاره‌كه‌تان هه‌رگیز به‌ چاوی خۆمان نابینین به‌داخه‌وه‌!"


شەریف فەلاح/نووسەر 
"زمان، گەوهەر و ناسنامەی بوون و شادەماری ڕۆحی نەتەوەیە، کەواتە ئەو نەتەوەیە زیندووە کە ئەم شادەمارە بپارێزێت، چونکە لەڕێی ئەم شادەمارەوە خوێنی نیشتماندۆستی، هەستی نەتەوەیی دەگاتە هەموو دەمارەکانی دیکەی تاک بە تاکی کۆمەڵ. زمانی دایکی هەڵگری چەند تایبەتمەندییەکە لەبەر ئەوەی زمانی ئاخاوتن، فەرهەنگی خۆماڵی و زمانێکە مرۆڤ پێی گۆ کراوە و فرچی گرتووە، دەبێتە سەرچاوەی هزر، دنیابینی و خەیاڵی مرۆڤ و لە هەموو کایەکانی ژینی تاک و کۆمەڵگەدا ڕەنگ دەداتەوە. ئەو تاکەی کە لە داوێنی ماڵباتێکدا گەورە بێت و بە فەرهەنگی ڕەسەن و ئەدەبی زارەکی خاراو ببێت و زۆربەی قۆناغەکانی خوێندن بە زمانی زکماکی بخوێنێت، ئیدی بیر و خەیاڵدان و کەسێتی و بیرکردنەوەی لەسەر قەوارەی نەتەوەی خۆی فۆرم دەگرێت، ئەم مرۆڤە گەر بە قووڵی بچێتە هەناوی پاشخانی ئەدەب و زمانی نەتەوەکەیەوە، گومانی تێدا نییە لە داهاتوودا گەر چەند زمان و فەرهەنگی دیکەی جیا لە زمانی خۆی فێر بێت، هیچکامیان ناتوانن کاریگەریی نەرێنیی لەسەر دابنێن.
کاریگەرترین ڕێگەی پەرەدان بە زمانی دایکی و ڕێگری لە ئاسیمیلاسیۆنی فەرهەنگی و لەخشتەبردنی زمانی کوردی کە پیلانی داگیرکەرانی نیشتمانە، تەنیا و تەنیا پەروەردە و بارهێنانی منداڵان و نەوەی وشیاری ئەمڕۆیە بە زمانی شیرینی دایک و پەردانە بە پاشخان و فەرهەنگی نەتەوەیی.
زمانی کوردی کە بە یەکێک لە توخمە سەرەکی و شادەمارەکانی نەتەوەییمان دێتە ئەژمار، خاوەنی توخم و بەهایەکی پتەوی بەرەنگارییە، هەڵگری ئیقاع و ڕیتمی مۆسیقایی و پڕ لە ژیانە، زاڵبوونی توخمی سروشت و ناتۆراڵیزم، شیعری بوونی شێوەزارەکانی و پتر لە گشت دەوڵەمەندیی ئەدەبی زارەکی کە خەڵکی ئاسایی و ڕەشۆکی و نادیار داهێنەریەتی، توانیویانە ئەم کۆلەکە گرنگە بۆ میللەتی کورد بپارێزن و ببێتە شادەماری ڕۆحی هەرمانی نەتەوە و بە هیچ پیلان و زەبرێک نەتوێتەوە. ئێستا کە سەردەم گۆڕاوە و شەپۆلی بەجیهانیبوونی دنیای تەنیوە و سەردەمی تێکەڵاویی فەرهەنگەکانە، دەبێ بە هزر و ئەقڵ و ئامرازی سەردەمیانە و بە زانستی ئەمڕۆیی ئەویش بە زمانی خۆت ڕووبەڕووی پیلانی داگیرکەران و خەونی گڵاوی دوژمنان ببینەوە. بەڕای من پەرەدان بە هێڵی ناسیۆنالیزمی زمانی و پەورەردەکردنی نەوەیەک کە بە ئەقڵی خۆماڵیی کوردیی بەدوور لە دەمارگرژی گۆچ بکرێت، هاوکات بە چەکی زانستی سەردەم تەیار بێت، دەکارێ ببێتە پارێزەرێکی قایمی زمانی دایکی ک ناسنامەی بوونمانە."



تەوار تورابی/ شاعیر و مامۆستای قوتابخانە
فێر بوون و خوێندن بە زمانی دایکی مافێکی سەرەتایی هەر مرۆڤێکە. ئینسانەکان نەک تەنیا بە پێی جارنامەکانی مافی مرۆڤ بەڵکوو لە جیهان  و تێگەیشتنی مۆدێڕن و ئەوڕۆیی دا یەکێک لە سەرەتاییترین مافەکانیان ئەوەیە کە بتوانن زمانی دایکیان فێر بن و بە زمانی دایکی فێر بن. زمان بێ شک گرنگترین کەرەسەی پێوەندی گرتنە. لە هەمان کات دا زمان کەرەسەیەکە بۆ تێگەیشتن و فێر بوون. زمانی یەکەمی هەر مرۆڤێک زمانی دایکیە. فێر بوون و خوێندن بە زمانی دایکی رێگەی سەرەکییە بۆ فێر بوونی زمانی زیاتر و هەروەها فێر بوونی زانست. لە وڵاتە پێشکەوتووەکانی جیهان دا زمانی دایکی گرنگییەکی زۆری پێ دەدرێ لەبەر ئەوە کە زمانی دایکی دەرگای فێر بوونی پیوەندی گرتن و فێربوونی زمانەکانی دیکەشە. بێ شک ئەگەر زمانی دایکی فێری منداڵ بکرێ دەبێتە هۆی ئەوەی کە ئەو منداڵە بتوانێ ئاسانتر زمانەکانی دیکەش فێر ببێ. ئەوە بۆ وڵاتانێکی کە چەند زمانەن زۆر بە کار دێ. لە وڵاتێکی وەکوو سۆئێد پێنج زمانی رەسمی هەیە و کە جیا لە سۆئێدی زمانەکانی دیکە زمانی کەمینەگەلێکی چەندین هەزار کەسی یا یا چەند سەد هەزار کەسین. هەروەها چەندین زمانی دیکەش ناڕەسمین. بەڵام بۆ هەمو زمانەکان مافی ئەوەیان هەیە کە پێیان بخوێندرێ و پەرەیان پێ بدرێ. لە سۆئێد دا ئەگەر هەر شارەی "کۆموونێک" سێ منداڵ یان زیاتری هاوزمانی تێدابێ مافی ئەوەیان هەیە مامۆستای زمان دایکیان هەبێ و هاوکات لە گەڵ زمانی سۆئێدی زمانی دایکیشیان فێر بن. ئەوە نەک تەنیا وەک هەڕەشەیەک بۆ سەر زمانی سۆئێدی سەیر ناکرێ، بەڵکوو بە هۆکاریی پێشەکەوتنی زمان، کولتوور و کۆمەڵگای سۆئێدی دەژمێردرێ.
ئەوەی کە لە وڵاتانی جیهانی سێهەم و بە تایبەتی لە وڵاتانی داگیرکەری کوردستان زمان وەک هەڕەشەیەک دەبینرێ، دیدێکی فاشیستیانە و بەرچاوتەنگانە و تەواو ئەمنیانەیە. واتە هەوڵەکە بۆ سڕینەوەی لایەنی بەرابەرە لە هەموو بوارێک و ریشەوییترین سڕینەوەی هەر نەتەوەیەکیش ئەوەیە زمانەکەی لێ قەدەغە بکەی و نەهێڵی پەرە بەزمانەکەیان بدەن. لەڕاستی دا ئەگەر ئەو دیدە فاشیستی و بەچاوتەنگانەیە نەبوایە زمانی کوردی لەگەڵ زمانەکانی نەتەوەکانی دیکە لەو وڵاتانە دا دەبووە کەرەسەیەک بۆ پێشکەوتنی کۆمەڵگاکان لە هەموو بوارەکان دا.
ئەو روانینە فاشیستیانەیە لە وڵاتانی داگیرکەری کوردستان هەوڵ دەدا کە زمانی دایکی لە پێش چاوی خەڵکی کورد بخا. ئەگەر من باس لە کوردستانی ژێر دەستی ئێران بکەم، بەو پێیە کە خۆم لەوێ گەورە بووم و زانیاری زۆرترم لەسەر ئەوێ هەیە، دەبێ بڵیم کە ڕوانینی فاشیستی لە پێش هەموو شتێک دا هەوڵی کەم بایەخکردن و ناشیرین کردنی زمانی کوردی لە پێش چاوی خودی خەڵکی کورد دەدا. چون وەک لە سەرەوە ئاماژەم پێ کرد، ریشەییترین هەوڵ بۆ سڕینەوەی نەتەەوەیەک کەم بایەخکردنی زمان و کولتوری ئەو نەتەوەیە. بۆیە پێویستە لە پێش هەموو شتێک دا بۆ بەرەنگاربوونەوە لە پەرەپێدان بە کەمبایەخکردنی زمان و کولتوری کوردی خەڵکەکەمان بە تایبەتیی خەڵکی جەوان و تازەپێگەیشتوومان زیات ئاگادار بکەینەوە لەوەی کە هیچ زمانێک لە دونیا دا کەم بایەخ نیە و زمانی کوردیش یەکێک لەو زمانانەیە کە بە تایبەتی لە چاو زمانی خەڵکانی دەوروبەرمان نەک تەنیا کەم و کوڕی نیە، بەڵکوو توانستی لە بواری زانستی جوانیناسی زمانییەوە ئەگەر لەوان زیاتر نەبێ، کەمتریش نیە.
نموونەیەکی زیندوو ئەوەیە کە دەبێ لاوەکانمان ئەوە بزانن بەکارهێنان و جێگرتنەوەی هێندێک وشە و چەمکی زمانی فارسی بە جێگای زمانی کوردی، نەک تەنیا هونەر نیە، بەڵکوو جۆرێکە لە خۆدۆڕاندن و خۆبەکەم زانین.
واتە پیویستە ئەو ئیرادەیە بۆ خەڵکی کورد بگەڕێتەوە کە زمانەکەی خۆی پێ کەمتر نەبێ لە زمانی ئەو نەتەوانەی کە کوردستانیان داگیر کردووە.
با ئەوەش لە کەوانەیەک دا باس بکەم کە ئەو گەڕاندنەوەی رێزە بۆ زمانی کوردی بە بێ ڕێزی کردن بە زمانەکانی دیکە نابێ. واتە نابێ من بڵێم چون من کوردم بۆوەی کە رێزی زمانەکەم بگرم دەبێ بێ ڕیزی بە زمانی فارسی بکەم. بەڵکوو باشترین رێگە بە لای منەوە ئەوەیە کە لە پێش دا زمانی دایکیمان فێر بین و پەرە پێ بدەین، دواتر زمانی خەڵکانی دیکە فێر بین. هەرچەندی زمانی دیکە جیا لە زمانی دایکیمان بزانین، نەتەوەکەمان و کولتوورەکەمان دەوڵەمەندتر و پێشکەوتووتر دەبێ.
من خۆم پێشتر لە کوردستان مامۆستا بووم. مامۆستای منداڵانی یەک تا پێنجی سەرەتایی. بۆیە لێرە دا پێموایە رۆڵی مامۆستایەک کە هەست بە بەرپرسیارێتی لەبەرابەر نەتەوەکەی دا بکا زۆر گرنگە. زۆر گرنگە کە گرینگی بەو هەڕەشانە نەدرێ کە لە چوارچێوەی "بخش نامە" دا بەردەوام لە نێوان مامۆستایان دا بڵاودەکرێتەوە کە دەبێ تەنانەت شی کردنەوەکانیش بە زمانی فارسی بێ. زۆرگرنگە کە مامۆستایان ئەگەرچی بە زۆر و بە بێ دڵخواز ناچارن کتێبی فارسی بە منداڵەکان بڵێنەوە، بەڵام هەوڵ بدەن هەر نەبێ شیکردنەوەکان بە زمانی دایکی بێ، بۆوەی کە منداڵەکان زیاتر و باشترتێبگەن و هەروەها بایەخی زمانی دایکیشیان زیاتر بۆ روون بێتەوە.



خەبات ڕەسووڵی/چیرۆکنووس
 "بە کورتی زمانی دایک، یانی ئەو زمانەی دایک و بابت قسەی پێدەکات.کەوایە پێناسە و شوناسی سەرەکی تاکە بۆ ناسینەوە و پێوەری جیاکەرەوەی گەلە جیاوازەکانە لە یەکتر. تا ئێرە هەموومان ئەو قسانە دەزانین و دەشزانین هەر زمانێک پشتیوانی مادی و مەعنەوی نەبێ لە ناو دەچێ.ئەوەش دەزانین کە سەرچاوەی گرینگی ئەم پشتیوانییە دەوڵەتە .دەوڵەت دەتوانێ بە دامەزراندنی ڕاگەیاندنی بەهێز و کردنەوەی قوتابخانە و پشتێوانی هەمە لایەنە لە زمانێک ،ئەو زمانە پەرە پێ بدات.
ئەگەر بە پێی قسەکانی سەرەوە هەڵسەنگاندێک بۆ دۆخی زمانی کوردی بکەین بە سانایی بۆمان روون دەبێتەوە کە زمانی کوردی لە تەنگژەیەکی مەترسیداردا پەلەقاژەیەتی.ئەمە بەمانای نکووڵی کردن لە هەوڵەکانی کورد لە هەر چوار پارچەی کوردستان نییە،بەڵکوو بە پێچەوانەوە تا ڕادەیەکی باش ئاگاداری ئەو هەوڵانە هەم کە لە ئارادان،بەڵام ئەم هەوڵانە لە بەرانبەر هێرشی چڕی زمانەکانی دیکە و  خێرایی توانەوەی  تاکەکانمان لە زمانەکانی دیکەدا زۆر کەمن و لە درێژخایەندا زەرەرمەندی سەرەکی دەبین.بۆ خۆم عادەتم نییە بە قسەی زریقەوبریقەدار و خەڵک هەڵخەڵەتاندن باسەکە بەرمە پێشێ.ىڕوا بکەن زمانی کوردی هیچ تایبەتمەندییەکی سەیروسەمەرەی نییە کە بڵێین ئەو زمانە هەر لە خۆڕا دەتوانێ خۆی بپارێزێ،ئێستا تەنانەت لە کوێرە دێیەکانی کوردستانیش زمانی کوردی کەوتووەتە ژێر هەڕەشە .جیا لەوەیکە رۆژانە بە دەیان تاکی کورد دەبینین کە لە کاتی قسە کردندا،یان بەشێک لە قسەکانیان کوردی نییە،یان تەواو تواونەتەوە و بە زمانێکی دیکە قسە دەکەن.بە میلیۆنان کوردمان هەیە ناتوانن رستەیەکی کوردی بە رێکوپێکی بنووسن و هیچ لەو بارەیەوەش تووشی نیگەرانی نابن.حیزب و رێکخراوی زۆر گەورەمان هەیە کە نەک پرسی زمانیان بۆ گرینگ نییە،بەڵکوو بە شانازییەوە باس لە وەلانانی ئەم پرسە دەکەن.کەوایە خۆشبینی سەبارەت بە گەشەی زمانی کوردی زۆرتر  خەڵک گەوجاندنە.
مامۆستاکانی زمانی کوردی و نووسەر و شاعیر و هونەرمەندەکانی کورد کە لە راستیدا سەربازەکانی زمانن لەئەوپەڕی پەرتەوازەیی و بێ نازیدا دەژین و کەم وایە بە جدی ئاوڕیان لێ بدرێتەوە. لەو جێگایانەی کە زمانی کوردی لە قوتابخانە دەگوترێنەوە،زمانی کوردی یەکێکە لە هەرە وانە خراپەکان و کەمترین بایەخی زانستی پێ دەدرێ .بێ هیوا بوونم بە مانای تەسلیم بوونم نییە،بەڵام ئەگەر کورد دەیەوێ بە راستی لەو قۆناغەی ئێستا ڕزگاری بێت دەبێ لانیکەم دە هێندەی ئێستا هەوڵ بۆ پاراستنی زمانەکەی بدات.دەبێ بە جدی لە هەوڵی دامەزراندنی دەوڵەتی کوردیدا بێ.دەبێ حیزبایەتی و شارچییەتی و زاراوەچییەتی وەلا بنێ.
دۆخی جیهانی ئێستا دۆخی سەد ساڵ لەوە پێش نییە،هەنووکە نەک هەر ئێمە ،تەنانەت داگیرکەرەکانی کوردستانیش تووشی هێرشی زمانە جیهانییەکان بوونەتەوە و هەوڵ دەدەن خۆیان لە بەرانبەر ئەو هێرشانەدا کە بە جیهانیبوون ناسراوە بپارێزن.جا دەبێ دۆخی کورد لەو ناوەراستەدا چۆن بێ. هیوادارم وتەکانی من ببێتە دەنگی زەنگی مەترسی و ئەوانەی دەتوانن کارێک بکەن هۆشیار بکاتەوە. سەردەمی نووقم بوون لە خەون و خەیاڵ تێپەڕ بووە،باشترە چاوەکانمان  بکەینەوە و سیمای ڕاستەقینەی خۆمان ببینین.هەوڵە تاکەکەسییەکان گرینگن بەڵام ناکرێ ئەم دۆخە بەردەوام بێ و تا سەر ئاوامان بۆ ناچێتە پێشێ ،لانیکەم هۆشیار بوونەوەمان و گوتنی راستییەکان هیوادارم ببێتە  هۆی ئەوەی کە بە هەموومان کاتێکی زیاتر و هەوڵێکی جدیتر بۆ پاراستنی زمان بدەین.هەر هیچ نەبێ منداڵەکانی خۆمان فێری کوردی بکەین و خۆشەویستی زمانی کوردی لە دڵی نەوەی داهاتوودا بچێنین."


ئامانج عەزیزکەندی/ نووسەر و لێکۆڵەری ئەدەبی
زمانی دایکی چەمکێکی زۆر بەربڵاو و پڕ ڕەهەند و لایەیەنە. زمانی دایکی وەک بە دروست ئەو ناوەیان لێ ناوە، چ وەک زمانی ئاخاوتنی دایکی مرۆڤەکان، چ وەک زمانی ماک و سەرەکی کە مناڵ لە زگی دایکی دا گوێی لێ دەبێ پێی ڕادێ ، گرینگییەکی یەکجار زۆری هەیە. هەم وەک مافێکی رەوای مرۆیی و هەم وەک مافی سروشتی و سیاسی و کەلتووری و هەموو بوارە مرۆییەکان.
زمانی دایکی بەو گشتە، تایبەتمەندی و گرینگیەوە، زەوت کردن و پاوان کردن و قەدەغە کردن و سەرکوت کردنی، هیچ کەمتر نیە لە کارەساتە هەرە گەورە و وێرانکەرەکانی دونیا.
ژیان بریتیە لە تێکۆشان بۆ هەرچی زیاتر چێژ وەرگرتن و چێژ بەخشین، بە بێ زمانی دایکی ئەوە مومکین نیە. هەروەها جگە لەوەی کە زمان ئامڕازی پەیوەندیە، هیچ شتێکی مرۆڤایەتیش لە دەرەوەی زمان دا بوونی نییە. هەموو ئەو وەسف یا ڕوانینانەی من بۆ زمان، ڕەنگە شەخسی بن، بەڵام لە گفت و گۆیەکی ورددا رەنگە بکرێ باشتر بۆ گشت ئەم روانگە و بۆچوونانە نموونەی سەلمێنەر بێنیەوە.
من پێموایە زمانی دایکی هەر گروپ و خێڵ و قەوم و نەتەوەیەک، وەک مافێکی گرینگی مرۆیی و سەرمایەیەکی جیهانی بپارێزرێ و گەشەی پێ بدرێ.
ئێمەی کورد لە سەدەی ۱٦ زایینیەوە و لە خەباتی مافخوازانەی ئەو یەک دوو سەدەیەی ڕابردوودا یەکەم داوامان، بە درووست داوای ئازادی زمانمان بووە. ئەوەش لە گرینگی ناسنامەیی و ئەو گرینگیانەوە سەرچاوە دەگرێ کە هێندێکیانم ئاماژە پێ دان.
هەرچەند پێموایە زمانی کوردی مەترسی فەوتانی لە سەر نەماوە، با ئەوەی کە ئەو هەوڵە زۆر ئاگاهانە لەلایەن داگیر کەرانەوە دەدرێ. بەس مەترسی تێکدان و بە لاڕێ دابردن و فەوتاندنی کۆدەکانی لە سەرە. ئەوەش تەنیا داگیرکەران نین، زۆرێک لە ئۆرگانە کوردییەکانیش نا ئاگایانە ئەوە دەکەن، بە تایبەتی. لە باشوور و تایبەتیتر ئۆرگان و دەزگاکانی دەنگ و ڕەنگ. ئەرکی گەشە پێدانی زمان، ئەرکێکی گرینگە کە لە ئەستۆی ئۆرگانیزاسیۆنە کولتوری و پەروەردەیی و سیاسیەکان دایە، گرینگی ئەو ئەرکە کەمتر بۆتە درکێکی گشتی و گرینگ.جا بۆیە رۆشنبیران و نووسەر و ئەدیب و هونەرمەندان، ئەو ئەرگە قورس و گرینگەیان کەوتۆتە سەرشان. دیارە لەو سەردەمەشدا سۆسیالمیدیاش زۆر گرینگە. بۆ ئەوەی بتواندرێ بە ئاراستەی پاراستن و گەشەپێدان بەکار ببرێ. هەرچەند پەروەردە لە دایەنگەکانەوە گرینگترینە بۆ ئەو مەبەستە، بەڵام بەداخەوە لە چەنین پارچەی کوردستان،ئەو زوڵمە نا مرۆڤانەیە لە زمانی دایکی دەکرێ.


رەسووڵ سوڵتانی/نووسەر و وەرگێڕ
لە نێو توخمە سەرەكییەكانی پێكهێنانی نەتەوەدا، زمان یەكێكە لە توخمە هەرە گرینگەكان. ئەگەرچی ئەم فاكتەرە رەنگە لە وڵات و میللەتێكەوە لەگەڵ وڵات و میللەتێكی دیكەدا جیاواز بێ، بەڵام لە هیچ حاڵەتێكدا گرینگییەكەی خۆی لەدەست نادا و وەك توخمێكی سەرەكی پەراوێز ناخرێ.
بۆ پێناسەكردنی نەتەوە كۆمەڵێك توخمی وەك خاكی هاوبەش، مێژووی هاوبەش، كولتووری هاوبەش و زمانی هاوبەشیان كردووەتە بنەما. لە هەندێ پێناسەی دیكەدا یادەوەریی هاوبەشیش هەیە كە ئەم یادەوەرییە بەشێكە لە مێژوو، بەڵام رەنگە میللەتێك مێژووی هاوبەشی نەبێ یان هەموو قۆناغ و بڕگەكانی مێژووی پێكەوە نەبووبێ، كەچی خاڵێكی هاوبەشی یادەوەریی هەیە كە پێكەوە كۆیان دەكاتەوە.
زمانی كوردی، یەكێك لە توخمە بنەڕەتییەكان. بەڵام نابێ بپرینگێینەوە لەوەی كە بڵێین زمانی كوردی كۆڵەكەی نەتەوەكەیە. تەنانەت هەبوونی خاك و مێژوو و كولتووری هاوبەشیشمان بەبێ هەبوونی زمان نەیاندەتوانی ببنە پێناسەی كوردبوونمان. ئێمە ئەگەر زمانەكەمان نەمێنێ و بە زمانێكی دیكە قسە بكەین، بەڵام خاك و كولتوور و مێژوویەكی هاوبەشیشمان هەبێ، رەنگە بەخۆمان بڵێین نەتەوە، بەڵام ئیتر نەتەوەیەك دەبین جیا لە كورد. نەتەوەیەك دەبین لەسەر ناسنامەی ئەو زمانەی كە پێی دەئاخڤین جا هەر زمانێكی دیكە بێت. بۆ؟ چونكە كورد بە نیشتمانەكەشییەوە لەو  نەتەوانەیە كە هەم خۆی و هەم نیشتمانەكەیشی بە زمانەكەی پێناسە كراوە. ئێستا ئەمریكا بە ئینگلیزی قسە دەكەن و كەنەداش چەند زمانێكی جیاجیای تێدایە ئەگەرچی ئینگلیزی زمانی زاڵ و سەرەكییە بەڵام هاوشانی ئەو زمانی فەرەنسیش قسەی پێ دەكرێ. كەچی خەڵكی كەنەدا بە زمانەكەیان پێناسە ناكرێن و ناوی وڵاتەكەشیان لەسەر زمانەكەیان نییە. ناوی ئێران هیچ پێوەندییەكی بە زمانی خەڵكی نێو چوارچێوەی ئێرانەوە نییە و ئەوان بۆ پێناسەی میللەتبوونی خۆیان پاڵ بە زمانی هاوبەشەوە نادەن بەڵكو دەگەڕێنەوە بۆ خاكی هاوبەش و مێژووی هاوبەش و كولتووری هاوبەش. سوویسرایش كە پێشتر باسمان كرد هەروەتر. بەڵام ناوی كورد و كوردستان بە زمانەكەوە بەستراوەتەوە.
كورد بێت و زمانەكەی نەمێنێ، ئیتر هەر زمانێكی دیكە وەرگرێ، ئیتر ناتوانێ بەخۆی بڵێ كورد و كەسیش وای پێ ناڵێت، بەڵكو بەو زمانە پێناسەی دەكەن كە قسەی پێ دەكات. هەر بۆیە كورد لەگەڵ دۆڕاندنی زمانەكەی یان توانەوەی زمانەكەی پێش هەموو شتێك پێناسەی نەتەوەبوونەكەی و بەدوای ئەویشدا ناوی وڵاتەكەیشی دەگۆڕدرێ. چونكە كوردستان، واتە ئەو وڵاتەی كوردی تێدا دەژی. دەی كە تۆ وێكڕا وازت لە زمانەكەت هێنا، یان وازیان پێ هێنایت، ئیتر دەبێ پێناسەیەكی دیكە بۆ وڵاتەكەیشت بدۆزیتەوە.
كورد ئێستا سێ توخم و فاكتەری زۆر بەهێزی بۆ پێناسەكردنی نەتەوەبوونی خۆی هەیە: یەكەم خاكێكە كە پێی دەگوترێ كوردستان و سنوورە جوگرافیاییەكەی سەرەڕای هەموو شێواندن و گۆڕینێكی دیموگرافیایی دیارە. دووەم: زمان، ئەو زمانەی سەدەیەكە لەلایەك داگیركەران هەموو توانا و ئیمكاناتی خۆیانیان بۆ تواندنەوەی بەكار هێنا، چونكە دەیانزانی تەنیا بە تواندنەوەی زمان دەتوانن ببنە خاوەنی ئەو خاكەی ناوی كوردستانە، بەڵام لە سایەی پاڵەوانێتیی پێشمەرگە و خۆڕاگریی میللەت و قەڵەمی نووسەر و شاعیر و رووناكبیرە ئازادیخوازەكانمانەوە هەر پارێزراوە.



لەیلا قادری/ نووسەر و وەرگێڕ
زمان، ناسنامه و به نرخترین میراتی یه‌ک نە‌تە‌وە‌یه.
ئه‌گە‌ر زمانی میلله‌تێک له ناو بچێ ئه‌و میلله‌تە‌ش له گێژاوی نە‌بوون نزیک ده‌بێتە‌وە. گەر داگیرکە‌ران بیانە‌وێ نە‌تە‌وە‌یەک بخەنە ژێر ڕکێڤی خۆیان، بەر لە هەموو شتێک، له سه‌ر تواندندنە‌وە و له ناوبردنی زمانی ئه‌و گە‌له کار ده‌کە‌ن .که‌سێک کە زمانی دایکی خۆی نە‌زانێ وە‌ک کە‌سێک وایه کە کلیلی زیندانی خۆی ون کردبێ .
زمانی زگماکی، پێناسەی هەر نەتەوەیەکە. نەتەوەیەک زمانی دایکی خۆی لە بیر بکا دەبێتە ژێر دەستە و موستەعمەرەی فەرهەنگی گەلی زاڵ کە زمانی بە سەر دا سەپاندووە...
 یەکەم بایەخی زمانی دایکی بۆ هەر نەتەوەیەک ئەوەیە کە ئەوەی وا لە ناخت دا هەیه، دەتوانی بە ئاسانترین و ساکارترین پیت و وشە بیگوازییەوە بۆ بیسەر و بەردەنگەکەت؛ چون جگە لە زمانی دایک هیچ زمانێکی تر ناتوانێت مەبەست و قسەی شاراوەی دەروون وەدەرخات؛ جا کە وابوو زمانی دایک دەبێتە یەکەم ئامێر بۆ گەیشتن بە ئاوات و ئامانجەکانی تاکەکەسیی نێو کۆمەڵگا. هەروەها کاتێ هەموو کەسێک بتوانێ ئەوەی لە ناخی دایە بە جوانی بیدرکێنیٚ، ڕێگەی گەیشتن بە ئامانج و ئاواتەکانی ئاوەڵا دەبێ.
گەر زمانی دایکی نەبێ، دایکێک چۆن کۆرپەکەی بلاوێنێتەوە! ئەویندارێک، چۆن بە قەد و باڵای یارەکەیدا هەڵبڵێ!،  کاتێ کۆچی ئازیزانمان، چۆن ڕۆڕۆیان بۆ بگێڕین!
لەو کاتانەدا جگە لە زمانی دایک، هیچ زمانێک ناتوانێ ئەم سۆز و هەستە دەرونییە، بە شێوازێکی پاراو و جوان، ئەو جۆرەی کە پێویستە، دەرببڕێت. با زمانی دایکیی خۆمان بە گیان و دڵ بپارێزین.
2_ساڵەهایە کورد لە هەر چوار پارچە  ژێر چەپۆکە و لە ژێر دەسەڵاتی هێز و دەوڵەتانی غەیری کورد دا دەژی (فارس لە ئێران، عەڕەب لە عێراق و سورییە و تورک لە تورکیە)، بەو حاڵەش ئەدیبان و شاعیران زمانی زگماکی خۆیان پاراستووە و نەیان هێشتووە زمان و کولتووری خۆیان لە بیر گەلەکەیان بچێتەوە و لە ناو زمان و کولتووری دەستەڵاتدار دا بتوێتەوە.
 یەکەم هەنگاو بۆ ئەم مەبەستە، پێویستە لە بنەماڵە چکۆلەکەی خۆمانەوە دەسپێبکەین و منداڵەکانمان وەها تێبگەیێنین کە لەگەڵ ئەوەی زمانەکانی یاسایی سەردەم فێر ببن پێویست و گرینگتر ئەوەیە زمانی دایکییان فێر بن کە لەم بوارەدا دایکان لە نێو بنەماڵەدا نەخشێکی هەرە گرینگیان هەیە؛ هەر ئەوەی دایکێک نەهێڵێ منداڵەکەی  وشەگەلێکی بێگانە وەکوو: "مامان"، "خالە"،"عمو"، "زن دایی"، "زن عمو"، "عمە"و........ بەکار بێنێ، خۆی گەورەترین خزمەتی بە زمانی دایکی کردووە.
 لەڕاستیدا ڕۆڵی پیاوان بەداخەوە لەم بوارەدا کەمە کە دەبێ ببنە پشتگر و یارمەتیدەری هاوژینەکەیان بۆ ئەو مەبەستە.
جا ئێستە ئەگەر دایک و باوکی بنەماڵەیەک، زمانی دایکی بە لایانەوە گرینگ نەبێ یان شارەزاییان کەم بێ، بە پێکهێنانی کۆڕ و فێرگەی وانەکوتنەوە بە هەرزانترین شێوەی شیاو و بەیارمەتی شارەزایانی پسپۆر و لێهاتوو بۆ گەورەساڵان دەتوانێ نەخشێکی بەرچاوی هەبێ.
3_ زمانی کوردی پێویستی بە نوێکردنەوەی (ئاپدێیت)ی ڕۆژانە هەیە؛ جیهان بەخێرایی بەرەو پێشکەوتنە، لە هەموو بووارێکدا، بەتایبەت تێکنۆلۆژی. وێژە (ئیستلاحات) و ناوی نوێ دەخوڵقێن. زمانی کوردی دەبێ لە قالبی کلاسیکی خۆی بێتەدەر و سەردەمی وەرزێڕی و شوانی جێهێڵێ. ئەگەر بۆ جووت و گا دەیان ناو و وێژە هەیە، بۆ ئاشەوانی و مەڕداریش بە هەمان شێوە، ئێستا لە جێگای ئەوانە مۆبایل و کامپیۆتێر هاتوونەتە گۆڕێ. زمانزانە کوردەکان دەبێ وشەگەلی گونجاو بۆ ئەو بووارە نوێیە بدۆزنەوە. ئەگەر ئەو وشانە نین، پێویستە بە قەرز وەریان‌ بگرن و بیان‌کوردێنن. هەموو زمانەکانی جیهانی تا ئێستاشی لەگەڵ بێ کەڵک لە زمانی دەوڵەمەندی یۆنانی وەردەگرن و گرفتیش نەبووە.
 ئەوانەی زۆرتر ڕاسپاردە یا پێغەمبەری زمانن، وەکوو شاعیر، نووسەر، ڕۆماننووس، گۆرانیبێژ، وێژەر، سیاسەتوان.... پێویستە بۆ نووسین و ئاخاوتنیان ڕوو لە هەناوی کۆمەڵگەی کوردستان واتە لادێ و گوندەکان بکەن و بە زمانی ڕەسەنی ئەوێ بنووسن و تێکەڵ بە بابەتی ئەوڕۆیی بکەن، بۆوەی زیندوو بمێنێ و زیاتر گەشە بستێنێ.
کەسێک کە بە زمانی دووهەم، جگە لە زمانی دایکی، دەخوێنێ، ئەو بوارەی بۆ گەشەی فکر و هزراندن دەبێ بخوڵقێ، هەر لە سەرەتاوە لێی زەوت دەکرێ. بیرکردنەوەی، لق‌وپۆی لێ ناکەوێتەوە، داوێنەی بیرکردنەوەی گەشە ناکا و لە بازنەیەکی داخراو و تەنگەبەردا قەتیس دەمێنێ.
ئەوەشم بۆیە باسکرد کە بڵێم هەنگاوی سەرەتا بۆ ئەم بەستێنە ٭خوێندن بە زمانی زگماکییە.
هەڵبەت لەوەش گرینگتر هەوڵدان بۆ چێکردنی ٭ڕێنووس و ڕێزمانێکی یەکگرتوو و ستانداردە تا قۆناغی یەکەم کە خوێندن بە زمانی دایکییە ساناتر بخرێتە بواری جێبەجێکردن.
٭دامەزراندنی ناوەندێکی زانستیی زمانەوانی بەدوور لە باندووڕی زاراوە یا بن‌زاراوەیەکی تایبەت، پێویستیی حەتمییە.
٭مادام ئاسۆی دەوڵەتی کوردی لێل و ناڕوونە و جارێ چارەنووسی کورد وا داڕشتراوە کە لە هەر پارچەیەک وەک هاووڵاتی دەرجە دوو یا سێ چاو لێ بکرێ، هەوڵ بدرێ کولتوورێکی نوێ دابڕێژرێ کە تێیدا تاکی کۆمەڵگای کوردی لە حاست نەتەوەی باڵادەست هەست بە کەمایەسی نەکا، زمان و نەتەوەکەی خۆی خۆش بوێ، پێی شانازی بێ کە خاوەن زمانی تایبەت بە خۆیەتی. ئەوەش وەک ئاسۆیەکی دوورەدەست دەبینم؛ بەداخەوە کورد بەگشتی تاکوو ئێستا لەو چەمکە خافڵ بووە، ئەوەی لەو بەستێنەشدا دەبینرێ هەوڵ و تێکۆشانی تاک‌وتەرای هەندێک تاک و دامەزراوەی بە دەروەست و دڵسۆزە.


ئیسماعیل ئیسماعیل زادە/ نووسەر و وەرگێڕ
هەڵبەت رۆژی جیهانی زمانی دایکیی زیاتر لەو وڵاتانەدا قورسایی یان باشترە بڵێم کە مانای هەیە کە لە چوارچێوەکەیاندا چەندین کۆمەڵگای زمانیی دەژیین.
دەرونزانەکان بە گشتی پێیانوایە کە ناسنامە (identity) لەو وێناکردنانە پێکدێت کە تاک وشیارانە یان ناوشیارانە لەبارەی خۆیەوە بەدییان دێنێت. زمان یەکێکە لەو توخمە جەوهەرییانەی ناسنامە ساز دەکات، زمان پرسێکە کە ناسنامەی مرۆڤی تایبەت بەو زمانە دادەڕێژێت و هەڵگری کولتووری داهاتووەکەیەتی. بەو واتایە کە ئێمە لە نیشانە و شەپۆلەکانی زمان کەڵک وەردەگرین بۆ ناسینی خۆمان کە ئێمە کێین و چی و چۆنمان دەوێت، سەر بە کێها گروپی کۆمەڵایەتیین و بە کام گروپی کۆمەڵایەتیی پێناسە دەکرێین. لێرەدا زمان هەمیشە بەو جۆرە نییە کە کە دەیناسین، واتە لە ئاساییترین توانستی زمانەوە واوەتر دەچین. لێرەدا زمان تەنیا بۆ پەیوەندیی گرتن لەگەڵ ئەویتردا نییە بەڵکوو زمان لە ناخیدا ئەو فەلسەفەیەی هەڵگرتووە کە وڵاتێک نا، با وردتر و راستتر بڵیین کە هەموو نەتەوەیەک خاوەنی زمانی تایبەت بە خۆیانن کە بە زمانی دایکیی ناسێندراوە. زمانێک کە پاشخان و میراتێکی مەزنی ئەدەبی و کولتووریی پێیە و مرۆڤەکان بە شێوازی جۆراوجۆر زمان رێکدەخەن. بەڵام لە چ کات و قۆناغێکدا زمان وەکوو هەڵگرێکی ناسنامە سەرنجی پێدەدرێت، ئەمە پرسێکە کە دەمانخاتە ناو بازنەی کاتێک کە تایبەتمەندییەکانی دیکەی ناسنامە کاڵ دەبنەوە، واتە ئەو تایبەتمەندییانەی گرێماندەدەنەوە بە کولتوورێکی تایبەت و لە ئێستادا زیندوو نین و فەوتاون، بۆیە گرینگبوونی زمان وەکوو هەڵگری ناسنامە دەردەکەوێت.
ئەم پرسە کەمێک وردتر دەکەمەوە؛ زۆر شت هەن کە لەسەر ناسنامەی ئێمە و چۆنییەتی تێگەییشتنی دیتران شوێندانەرن. دەشتوانن یاریدەدەرێکی باشیش بن بۆ راکێشانی سەرنجی خەڵکی. بۆ نمونە جۆری جلوبەرگ، جۆری خواردن، گۆڕینی پرۆفایلی لاپەڕەی شەخسی لە تۆڕەکۆمەڵایەتییەکاندا. لە جلوبەرگدا رەنگێکی دیاریکراو و بەردەوام دەتوانێ کەسێکی پێ بناسرێتەوە. لە خواردندا دەکرێ کەسێک بۆ نموونە بە رووەکخۆر ناوبانگی هەبێت. یان پرۆفایلی ئینتێرنێتیی کەسێکی شانۆیی لەگەڵ کەسێکی سیاسی جیاوازیی هەبێت. بەڵام کاتێک هەمان خەڵک زار دەکەنەوە بە تایبەتمەندیی جیاوازەوە مانا بەرهەم دێنن. کات چ کورتخایەن بێت یان درێژخایەن بەڵام تۆمار دەکەن. لە دنیای بچوک و گەورەی کە تێیدا دەژیین دەناسرێن و بە بایەخ دەگەن، هەمووی واتاکان هەڵگری تایبەتمەندیی جیاوازن.  هەڵگری توخمی جوگرافیی تایبەتن، واتاکان دەکرێ بچنەوە سەر هۆکارگەلێکی سیاسی و مێژوویی دیاریکراو، یان ئاماژە بکەن بە لایەنی ئابووری و چینایەتی، لایەنی کولتووری و.. ئەمانە هەموو لە تایبەتمەندییەکانی زمانی دایکیین. بە واتایەکی دیکە زمانی دایکیی ئێمە تا رادەیەک پێمان دەڵێت کە ئێمە کێین، لە کوێوە هاتووین و چیمان گوێ لێبووە و هەستمان بە چی کردووە. ئەمە دەرکێکی تایبەتمان تێدا دەئافرێنێ و هۆگرمان دەکات. لەبەر ئەوە گرینگبوونی زمانی دایکیی حاشاهەڵنەگرە.
ئیزنم بدە کە بە هەناسەیەک وەڵامی پرسیاری دوو و سێت بدەمەوە. بۆ هەموو کەسێک گرینگە کە ناسنامەیەکی هەبێت و بە هۆیەوە رابگەیەنێت کە ئەوە ئەوە! ئەگینا تووشی قەیرانێک دەبێت کە لە سەرلەبەری هەبوونیدا رەنگ دەداتەوە. قەیرانی بێ ناسنامەیی و لە ئاکامدا جۆرێک سەرگەردانیی. کورد کە بە هۆی ژێرچەپۆکەبوونەوە حاشای لێدەکرێت یان لە گەشبینانەترین حاڵەتدا بۆتە پاژێکی کاڵی ناسنامەی نەتەوەی زاڵبوو، پێویستی بە خۆپاراستن بۆ مانەوە هەیە. لە رێگەی زمانی دایکییەوە دەتوانێ یەکێک لە کۆڵەکەکانی ئەو پێویستییە بنیات بنێت. پەیوەندییەک بە رەچەڵەکەوە و شوێنێک بۆ هاتن. ئێمە دەتوانین بە هۆی زمانی دایکییەوە ئاستێک لە سەربوردە و مێژووی خۆمان بگێڕینەوە. گێڕانەوە رۆحی لەگیراننەهاتووی زمانە. بەسەرهاتی ئەوەی کە ئێمە لە کوێوە هاتووین و چۆن بووینەتە ئەوەی کە هەین و دەشمانەوێ ببین بە چی و هەروەها شانازشی پێوە بکەین هەتا ئەو ئاستەی کە بگەینە هاوشانی گەلانی دیکە . 
ئەگەر سووکە ئاوڕێک لە ژینگەی سیاسی و کۆمەڵایەتیی ئێران بدەینەوە، سنوورێکی داسەپێندراوی سیاسیی دەبینین کە چەندین کۆمەڵگای زمانیی تێیدا دەژیین وەکوو ئازەری، کوردی، فارسی، عەرەبی و.. بە ملیۆنان کەس بەو زمانانە قسە دەکەن کە ئاماژەم پێکردن بەڵام لە چوارچیوە سیاسییەی ئێراندا تاکە زمانێک باڵادەستە. تاکە زمانێک دەرفەتی ئەوەی هەیە کە لە دەزگا فەرمییەکانی فێرکردن و بارهێناندا پێی بنووسرێت، بوترێتەوە و گەشەی پێبدرێت، واتە زمانی فارسی بە پێی سیاسەتی تاکزمانی - تاکنەتەوەییدا تاکە زمانە لە ئاکاری فەرمی و ئیداریی ئێراندا بەکردەوە کراوە. بە درێژایی مێژووی ئێران زمانی کوردیی کە یەکێکە لەو زمانانەی بە ملیۆنان کەس قسەی پێدەکەن، زمانێکی بڤەکراو بووە لە قوتابخانەکاندا. نایاسایی بووە لە دایرەکاندا. بە پێی لێکۆڵینەوەکان پرسی خوێندن و بارهاتن بە زمانی دایکیی لە خوێندنگاکاندا پرسێکی گەلێک گرانە، زمانی دایکیی تاکە زمانێکە کە منداڵ بە تەواویی بە هۆیەوە تێدەگات و کاریگەرترین رێگەیە بۆ فێرکردن و گەشەپێدانی منداڵ. بۆیە ئێرانیش وەکوو پیشەی وڵاتە داگیرکارەکاندا هەستی بە گرینگیی زمانی دایکیی کردووە و بە هەموو شیوەیەک هەوڵی سڕینەوەی زمانی کوردیی دەدات و ئەگەر رووبدات لە ئاکامدا دەبێتە هۆی سڕانەوەی ناسنامەی زمانیی. مەبەست لە سڕانەوەی ناسنامەی زمانی کوردیی ئەوە نییە کە خەڵکەکەی لە رووی جەستەییەوە بە تەواویی قڕ بکرێن  و ئیتر کەسێک نەمێنێت بە کوردیی قسە بکات، کارەساتەکە شتێک لەوە کەمتر نابێ، لەبەر ئەوەی گەلێک و لێرەدا کورد ئەگەر زمانەکەی بکوژرێت ئیتر ئەو گەلە هەمان گەلی پێشوو نییە، کولتووری زمانی خۆی لێ دەسێندرێتەوە و کولتووری زمانێکی دیکەی بەسەردا دەسەپێندرێت  و دەبێتە ئەو دیترەی کە خاوەنی زمانێکی دیکە و هەڵگری کولتوورێکی دیکەیە. ئیتر وەکوو کورد دەمرێت.
هەر وەک لەسەرەوە باسمان کرد زمانی دایکیی تەنیا یان باشترە بڵێم بەهێزترین توخمە کە مرۆڤەکان دەتوانن بەهۆیەوە بە ناسنامەی کۆمەڵایەتی خۆیان بگەن. واتە ئەو توخمە مرۆڤەکان بە تان‌و‌پۆکانی بنەماڵە و کولتوورەکەیانەوە گرێدەداتەوە. بەڵام لە ئەگەر ئەو توخمە کاریگەرە بمرێندرێت چی؟ لە ئێراندا زمانی فارسی کە زمانی نەتەوەی زاڵە بەرزترین پێگەی بۆ دانراوە و بە پاڵپشتیی هێزەوە توانیویەتی لە هەموو لایەنەکانی کۆمەڵگا واتە لایەنی سیاسی، کۆمەڵایەتی و ئیدارییدا خۆی فەڕز بکات. بۆ نموونە هەر لە قوتابخانەوە بگرە کە کراوەتە زمانی فێرکردن و پەروەردە، کاری پێدەکرێت. کراوەتە زمانی کتێب لە گشت بوارەکاندا، کراوەتە زمانی رۆژنامە، فیلم، مۆسیقا. کاتێک کە زمانی زاڵکراو بە هەموو دەمارەکانی هەبوونی نەتەوەیەکدا رۆکرا بە ئاستی پیرۆزبوون دەگات و ئەو مرۆڤانەی کە بەو زمانە دەدوێین بە بایەخە باڵاکانی مرۆڤبوون دەبیندرێن، با بە شێوەیەکی وردتر بڵێم کە کەسانێکی بە زمانی فارسی نادوێن لە هەموو بوارەکاندا تەنگیان پێهەڵدەچنرێت بۆ ئەوەی خۆیان قەناعەت بەوە بێنن هەست بە نزمی و چرووکیی لە کەسایەتیی خۆیاندا بکەن.
بە سەرنجدان بەو خەسارانە و نەبوونی هیچ کام لە دەرفەتەکانی فێرکردن و بارهێنان لە کوردستاندا، لە پێشدا پێویستە رادەی زیندووبوونی زمانی کوردیی لە نیوان مان و فەوتاندا هەڵسەنگێنین. گوێ بگرین خەڵک کە چۆن زمانی کوردیی دەردەبڕن. زمانەکەیان هەتا چەندە کەوتۆتە ژێر کاریگەریی زمانی زاڵکراو. ئەوکاتەیە کە بۆمان دەردەکەوێ زمانی کوردیی لە قەیران دایە. رۆژ لەگەڵ رۆژ لاوازتر دەبێت. پێموایە کورد تاکە رێگایەکی لەبەرە ئەویش بەرگرییە لە سەر لەبەری هەبوونیدا بۆ مانەوە. بۆ مانەوەش باشترین کارێکی کە دەکرێت کارکردنە لەسەر وشیاریی نەتەوەیی. وشیاریی نەتەوەیی دەبێت ببێتە هەوێنی گشت چالاکیی ئەوانەی وا هەست بە لەناوچوونی سڕی زمانی کوردیی دەکەن. ئەوە روون و ئاشکرایە کە کۆماری ئیسلامیی ئێران سوورە لەسەر تواندنەوەی کورد و کوردیش لە ئیستادا ئەو هێزەی نییە خۆی لە چنگی حکومەت و نەتەوەی سەردەست راپسکێنیت بۆیە پێویستە بەشی زۆری وزەی چالاکان تەرخان بکرێت بۆ کاری بنچینەیی کولتووریی ئەمیش نەک بۆ گەشەپێدان بەڵکوو لە گەشبینانەترین حاڵەتدا بۆ قڕنەبوونە کە دیارە هەر بە هۆی هەمان بندەستبوون کارێکی ئاسان نییە بەڵام مەحاڵیش نییە. بۆ نموونە کارکردن لەسەر مێتۆلۆژییەکان، ترادسیۆنی زارەکی، هونەر، مۆسیقا و زمان..



ئازاد رۆستەمی/ نووسەر
مرۆڤ بە گشتی گرینگترین خوڵقێنراوی سرووشتە، بە نۆبەی خۆی زمانیش گەورەترین خوڵقێنراوی مرۆڤە. سرووشت و مرۆڤ هەرکام بە نۆبەی خۆی لەپێشدا راڤەی خودی خۆی دەکات پاشان راڤەی دەرەوە و کۆمپۆزیسیونی دەرەوەی خۆی دەکات. مرۆڤ بە پێی دابەشبوونی لە پانتایی سرووشتدا یەکەم راڤەی خۆی دووهەم راڤەی دەوروپشتی خۆی دەکات، هاوکات پەیوەندیی نێوان خۆی و دەوروپشتی. بەرینتر لەوەش راڤەی بەشەکان یان پێکهاتەکانی دەوروپشتی لەگەڵ خۆی دەکات. بە تێپەڕینی کات و هەنگاونانی مرۆڤ بۆ ناو مێژووی تۆمارکراو هەم بەشەکان و هەم پەیوەندییەکان بەرین و بەرینتر بوونەتەوە. پەیوەندییەکان و راڤەکانیش بەرین و بەرینتر بوونەتەوە. لە واقعدا سیستەمی پێکهاتوو لە مرۆڤ - سرووشت یان واقعیاتی هەستپێکراو و نەستپێکراو هەرچی زۆرتر ئاڵۆزتر بووە. بەڵام بەوەشەوە لۆژیکێکی گشتی زاڵە بەسەر ئینسان، سرووشت و پەیوەندییەکانی نێوان ئینسان - سرووشتدا. مرۆڤ لە دەنگەکانەوە تا پیتەکان، تا وشەکان و رستەکان زەمەنێکی یەکجار دوور و درێژی بردۆتەسەر. بۆیە جیاوازییەکان رۆژ لەدوای رۆژ زیاتر و زیاتر بوونە، بەو مانایەی کە مرۆڤ لە ژیانی کۆمەڵایەتییدا جیاوازییەکانی زۆرتر بووە و بە پێی دابەشبوونی جوگرافیایی و پەیوەندیی کۆمەڵایەتیی نێوخۆیی گرووپ-سیستمەکانی زیاتر و زیاتر پەرە پێداوە. هەر ئەمەش کارێکی وەهای کردووە کە مرۆڤەکان بە پێی زمانی داهێنراوی خۆیان زیاتر و زیاتر لە یەکتر دوور بکەونەوە. نزیکتر ئەگەر بڕوانین ئەم دوورکەوتنەوەیە لە گوتندا خۆی دەبینێتەوە. لە راستیدا گوتن پێناسەی تاک-کۆمەڵێکی تایبەتە لە چوارچێوەیەکی جوگرافیایی، کولتووری، کۆمەڵایەتی و لە ناو مێژوودا بە تایبەت لە باری ئابووری و سیاسییەوە. هەر ئەمەش بوو بە هۆی ئەوەی کە چەمکێک بە ناوی نەتەوە بەتایبەت لە سەردەمی ئێستەدا پێناسە بکرێت.
 لەم سەردەمەدا زمانی هەر نەتەوەیەک "دال"ێکە لە شوناسی مێژوویی، جوگرافیایی، کولتووری، سیاسی و ئابووری بە کۆمەڵێک "مەدلول"ی "تایبەت"ەوە کە لە نەتەوەیەکەوە بۆ نەتەوەیەکی دیکە زۆر جیاوازە. کەوابوو زمان پێناسەکردنەوەی حزوری تاک-کۆمەڵ-نەتەوەیە لە پێش مێژووەوە هەتا بە ئێستای مێژوو. جیهانی ئەوڕۆ لانیکەم جیهانی باسکردنە لە مافەکان. زمان یەک لە سەرەکییترین مافەکانی مرۆڤە کە بە وردیی  باس لە شوناسی تاکەکەسیی، شوناسی کۆمەڵایەتی، شوناسی نەتەوەیی ئەو گرووپ-سیستمە دەکات لە پانتایی سیاسەت و موقعیەتی دابەشبوونی بەرژەوەندیی ئەوڕۆدا. بۆیە جیهانی ئێستا جیهانی دابەشبوونی بەرژەوەندییەکانە. ئەگەر سەیرێکی راستییەکانی ئێستای جیهان و کۆمەڵگای نێونەتەوەیی بکەین دەبینین زمان یەک لە گرینگترین فاکتەکانی هەبوونی هەر نەتەوەیەکە بۆ وەدەستهێنانی بەشێک لە مافەکانی لە چوارچێوەی جیهانی ئەوڕۆی دەوڵەت-نەتەوەدا. تەنانەت ئەگەر وەکوو ئیدئۆلۆگێک هەر لە راستی راستەوە هەتا چەپی چەپ چاو لە مەسەلەی بەرژەوەندییەکانی حوزووری گرووپ-سیستەم یان نەتەوە-دەوڵەت بکەین زمان گەورەترین کاریگەریی خۆی هەیە. لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا ئەگەر وشەی زمان لە دەوڵەتانی پێکهێنەری ئەو چوارچێوەیە لێکەینەوە شتێک بە ناوی نەتەوە یان تەنانەت تاک مانای نییە. با بیر لەوە بکەینەوە ئەگەر شتێک بە ناوی زمانی تورکی نەبێت وڵاتێک بە ناوی تورکیە هەیە؟ شتێک بە ناوی زمانی عەرەبی نەبێت ئەو هەمووە وڵاتە عەرەبییە هەیە یان شتیک بە ناوی زمانی فارسیی نەبێت!؟ تەنیا رۆژهەڵاتی ناوەڕاست نییە، لە شەرقی دوورەوە هەتا "غەربی وەحشی" کامە دەوڵەت هەیە کە بە پێی نەک نەتەوە زمان شکڵی نەگرتبێت. لە مەسەلەی دەوڵەت و نەتەوە بگەڕێنەوە، وەکوو مرۆڤێک لەم سەردەمەی باسکردن لە مافی مرۆڤدا کە رۆژەڤی هەموو رێکخراوە مرۆڤدۆستەکان و رێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکانیشە زمانی مرۆڤ کە ئێستا پێناسەی زمانی دایکە، سەرەکیترین مافی مرۆڤی سەردەمی مافخوازییە! لەناوبردنی زمانی دایک لەناوبردنی شوناسی مرۆڤە لە پانتایی هەستییدا. بە بێ داکۆکیکردن لە زمانی دایک ناتوانی داکۆکی لە هیچ مافێکی دیکەی خۆت لە جیهانی ئەوڕۆدا بکەی. نەبوونی زمانی دایکیی بە مانای نەبوونی کیان و شوناسی ئینسانییە. نەبوونی ئەو مافە بە مانای درووستبوونی ئینسانی بێشوناسە لە پانتایی هەستییدا. بە مانای درووستبوونی گرێی دەروونی لە تاک و کۆمەڵگا دایە. بە مانای دەرچوون لە چوارچێوە دیموکراتییەکانی سەردەمە. ئەوەش ئەگەر نەڵێین یەکەمین کێشەی جیهانی ئەمڕۆیە لانیکەم پاش ئابووری گرینگترین کێشەی جیهانی ئەوڕۆ لەبەرچاونەگرتنی ئەو مافە سرووشتییەیە کە هەموو نەتەوەیەک دەبێ بیبێت. گرینگترین کێشەی ئەوڕۆ لە جیهاندا تەنانەت لە دیموکراتیکترین بەشەکانی جیهاندا کێشەی شوناسە، کێشەی سنوورە سیاسییەکانە، کێشەی سنوورە زمانییەکانە. زمان پێناسەی مرۆڤە کاتێک خۆی لە نێوان کردەوە و دژکردەوە لەم جیهانە ئاڵۆزەدا دەبینێتەوە. لە خشتەبردنی زمان لە خشتەبردنی هەموو یاسایەکە بۆیە زۆربەی هەرە زۆری ناکۆکییەکان، دژبەرییەکان لە جیهانی ئەوڕۆدا مەسەلەی زمان و هەوڵدان بۆ لەناوبردنی زمانی تاک، کۆمەڵگا یان نەتەوەیەکە.
هەموو پرسیارەکە ئاوا کۆ دەکەمەوە؛ ئاخۆ ئەگەر ئێمەی کورد زمانمان لە ئەزەلەوە تورکی، عەرەبی یان فارسی بووایە بەشێکی گرینگی بەرخۆدانی ئەستەم و دژواری بەرەوەدیموکراسیمان لەکۆڵ نەدەبۆوە؟ ئاخۆ ئەگەر لە دڵی ئەورووپادا سامییەکانی نۆروێژ و سوید و فەنلاند کێشەی جیاوازیی زمانیان نەبووایە کە هەمان شوناسی نەتەوەییە نەیاندەتوانی سەرەکییترین جمکەکانی دەسەڵاتی دیموکراتیکیان بەدەستەوە بووایە؟
کۆتا رستە ئەوەی کە ئەرکێکی ئینسانی – نەتەوەییە بۆ هەر کوردێک لە هەرکوێیەکی جیهاندا کە زمانی خۆی وێرای گواستنەوە لە نەسلێکەوە بۆ نەسلێکی دیکە هەوڵی پەرەپێدانی بدات. هیچ زمانێک گرینگتر لە زمانێکی دیکە نییە لە جیهاندا، ئەوە تەنیا کارکردنی ماندوویی‌نەناسانەیە لە سەر ئەو زمانە کە دەتوانێ لە هەندێک بواردا قابیلی تێگەییشتنتری بکات.  


ساماڵ ئەحمەدی/ نووسەر و وەرگێڕ
ڕۆژی جیهانیی زمانی دایکی، لە دەرەنجامی ستەم و کارەساتێکی خوێناوییەوە لە لایەن ڕێکخراوی یونسکۆی نەتەوە یەکگرتووەکانەوە دیاری کراوە، کە هەرچەند نموونەی لە دنیادا کەم نەبووە و ئێستاش هەیە، بەڵام ئەوکاتە کەوتە بەر سەرنجی جیهانی، کە ساڵی ١٩٥٢ پاکستان بڕیاری دا بە زەبری زۆری زمانی ئۆردوو بەسەر گەلانی پاکستاندا بسەپێنێت، کە ئەودەم پاکستانی ڕۆژهەڵات، واتە بەنگلادشیشی دەگرتەوە و گەلی بەنگالی لەهەمبەر ئەو ستەمەدا وەستانەوە و لە پێناو پاراستنی زمانەکەیاندا تووشی کوشتار هاتن. کەواتە گرینگیی ئەم ڕۆژەوە لەوەدایە کە سەپاندنی زمانی نەتەوەیەک بەسەر نەتەوەیەک، یان چەند نەتەوەی دیکەدا، بە هەر پاساوێک ڕەد دەکاتەوە و ئەو مافە بە نەتەوە ژێردەستەکان دەدات، کە نەچنە ژێرباری سەپاندنی زمانی نەتەوەی باڵادەستەوە و لە ساڵی ١٩٩٩ـەوە کە یونسکۆ ئەم ڕۆژەی وەک ڕێزگرتن لە زمانی دایکی دیاری کردووە، زمانناسان و کۆمەڵناسان و دەروونناسان و دەرمارناسان و پسپۆڕانی زۆربەی بوارەکانی زانستە مرۆڤییەکان گەلێک تیۆریی زانستییان سەبارەت بە کاریگەری و گرنگیی زمانی دایکی لەسەر کەسایەتیی تاکەکەسی و کۆمەڵایەتی و سیاسی و فەرهەنگی و تەنانەت ئابووریی ئاخێوەری زمانی دایکی خستووەتەڕوو. چونکە زمانی دایکی یەکەم زمانە کە منداڵ لە یەکەم ڕۆژی لەدایکبوونییەوە گوێی لێی دەبێت و بەرەبەرە لە ڕێی ئەو زمانەوە بە خۆی و هەموو دەوروبەری خۆی ئاشنا دەبێت و لە هەموو ئەو زماناش باشتری فێر دەبێت، کە دواتر بە هەر شێوەیەک فێریان دەبێت. لە ڕێی زمانی دایکییەوە، منداڵ هەر لەگەڵ ئەوەی چاوی بە ڕووی دنیادا هەڵدێنێت، شێوەی دەربڕینی کردار و ڕەفتارە مرۆیی و کۆمەڵایەتییەکان لە هەبوونیدا ڕەنگ دەداتەوە، چونکە فەرهەنگی کۆمەڵایەتیی هەر گرووپێکی مرۆیی، وەکو باوەڕەکانی، خدەکانی، دابونەریتەکانی لە زمانەکەیاندا ڕەنگ دەداتەوە و لە ڕێی زمانەکەشیانەوە دەردەبڕدرێنەوە. بۆیە ئەو کەسەی بە زمانی دایکی دەدوێت هەست بە پاشخانێکی دەوڵەمەندی ناسنامەی کەسی و کۆمەڵایەتیی خۆی لە پشت دەربڕینەکەیەوە دەکات و، بە شێوەیەکی ئەرێنی دەتوانێت لە خۆی تێبگات و ئاسانتریش دەتوانێت پێوەندی لەگەڵ مرۆڤەکانی دیکە بگرێت، چونکە پێش ئەوەی پێوەندی بە دنیای دەرەوەی گرووپەکەی خۆیەوە بگرێت، لە دنیای گرووپەکەی خۆیدا لە ڕێی زمانەکەی خۆیەوە گرینگترین پێوەندییە خێزانییەکان و پێوەندییە کۆمەڵایەتییەکانی کۆمەڵەی زمانەکەی خۆی ئەزمووە و کورد گوتەنی، زاتی شکاوە لەوەی بە بوێرییەوە ڕێ دەربەرێتە نێو دنیای زمانانی دیکەی، بەدەر لە زمانی دایکیی خۆیەوە. لایەنێکی دیکەی گرینگیی زمانی دایکی ئەوەیە کە مرۆڤ لە زمانی خۆیدا هۆشیارترە، ئاخر زمان پێوەندییەکی پتەوی لەگەڵ بیرکردنەوەی ژیربێژانە و بەپرسیار و ڕەخنە هەیە، ئەو چەشنە بیرکردنەوەیەش ڕەهەندە جۆربەجۆرەکانی تێگەیشتن دەپشکنێت و مرۆڤ لە سۆنگەی ئەو خەسڵەتە گرینگەیەوە دەتوانێت ئاسانتر لە هەبوون و فرەیی ڕاستییەکان تێبگات. بێجگە لەوانەش، توێژینەوە دەمارزانییەکان نیشانیان داوە کە منداڵ لە سەرەتای تەمەنییەوە زۆر زیاتر توانای فێربوونی زمانی هەیە و لە تەمەنی سەرووی ١٠ ساڵانەوە درەنگتر دەتوانێت فێری زمان ببێت، بۆیە گرینگە هەر منداڵێک بواری ئەوەی هەبێت کە لە سەرەتاکانی تەمەنییەوە فێری زمانی دایکیی خۆی ببێت و لانی کەم قۆناغی بنەڕەتیی خوێندنی بە زمانی دایکی بێت.
باسکردن لە گرینگایەتیی زمانی دایکی زۆر ئاو هەڵدەگرێ، خۆ ئەگەر لەبەر تیشکی ئەو چەند هۆکارەی سەرەوە سەرنج بدەینە زمانی کوردی، بەتایبەت لە پارچەکانی ڕۆژهەڵات و باکووری کوردستان، دەبینین دەوڵەتە داگیرکەرەکانی کوردستان بە هیچ شێوەیەک بواریان نەداوە بەوەی کە منداڵانی کورد لەو دوو پارچەیەدا بە زمانی دایکیی خۆیان قۆناغی بنەڕەتیی خوێندن بئەزموون. لەبەر ئەوە باسی باشوور و ڕۆژاوای کوردستانم جودا کردووەتەوە، چونکە  لە باشووری کوردستان لانی کەم لە دەیەی ١٩٧٠ی زایینییەوە بوار بە پەروەردە و خوێندن بە زمانی کوردی دراوە و لە سەرەتای دەیەی ١٩٩٠یشەوە بەشێکی ئەو پارچەیەی کوردستان ئازاد بووە و پەروەردە و خوێندن بە زمانی کوردییە. هەرچەند دەوڵەتی داگیرکەری سووریەش پێشتر هیچ مافێکی بە کوردانی ڕۆژاوا ڕەوا نەدیوە، بەڵام ئەوە پێنج شەش ساڵێکە دەسەڵاتێکی خۆبەڕێوەبەر لە ڕۆژاوای کوردستان هەیە و ئەوەندەی ئاگادار بم لەوێش خوێندن بە زمانی کوردی خراوەتە بواری جێبەجێکردنەوە. بەڵام لە پارچەکانی ڕۆژهەڵات و باکوور، کە هەتا ئێستاش داگیر کراون، داگیرکەران ناهێڵن منداڵی کورد بە کوردی بخوێنێت، کەچی دێڵن لە زانستگە ئەدەبیاتی کوردی بخوێندرێت، یان جاری وایە بوار بە چاپ و بڵاوبوونەوەی چەند گۆڤار و کتێبێک لە ژێر چاودێری و سانسۆردا دەدەن، مەبەستی سەرەکیی ئەوان ئەوەیە کە قۆناغە گرینگەکەی فێربوونی زمان لە منداڵی کورد بستێنن و زمانی داسەپاوی خۆیانی پێ فێر بکەن، بۆ ئەوەی وای لێ بکەن نەتوانێت لە زمانەکەی خۆیدا بیر بکاتەوە و نەتوانێت کردە زمانییەکانی خۆی بە ئاسانی لەکار بێنێت و بەناچاری لە زمانی ئەوانەوە تێگەیشتنی خۆی لە دنیا و هەبوون دەرببڕێتەوە، واتە لە فەرهەنگی ئەوانەوە فێری بێرکردنەوە و دەربڕین ببێت، تاکو ئەوان ئیدیعا بکەن، کە زمانی دایکیی ئینسانی کورد توانای دەربڕینی ڕەهەندە قووڵەکانی هەبوونی نییە.
سەرباری ئەوەی کە داگیرکەرانی کوردستان بواریان بە زمانی کوردی نەداوە، بەڵام نەتەوەی کورد، وەکو نەتەوەیەکی خاوەن شارستانییەتیی دێرین، کە بەرهەمی زمانەکەیەتی، تا ئێستاش هەر زیندووە. ئەم ڕاستییەش لە ماوەی سەدەی ڕابردوودا سەلماوە و بە هەر زەحمەت و مەینەتییەک بووە، کاری لەسەر کراوە و ئەوەی لێ وەدیار کەوتووە، کە زمانی کوردی زمانێکی نەزۆک نییە؛ بەو واتایەی کە ئەگەر بواری پێ بدرێت پێکهاتەی جەستەیی، واتە پێکهاتەی ڕێزمانیی زمانی کوردی توانای ئەوەی هەیە، لەسەر پێوانەی دەربڕینە سروشتییەکەی خۆی زاراوە و چەمک و دەربڕینی نوێ ڕۆبنێت و خۆی لەگەڵ گۆڕانە زانستی و مۆدێرنەکان بگونجێنێت. قسەکردن لەم بابەتە لە کورتەدوانێکی ڕۆژنامەوانیدا ناتوانێ بپەرژێتە سەر ئەوەی بە شێوەیەکی زانستی تایبەتمەندییە جەستەیییەکانی زمانی کوردی بخاتەڕوو، بەڵام بە بوێرییەوە دەتوانم ئیدیعا بکەم، زمانی کوردی تایبەتمەندیی خۆگونجاندن لەگەڵ مودێرنیتێ و زمانی زانستە سروشتی-ئەزموونی و مرۆڤییەکانی هەیە. سەبارەت بەوەیشی کە چون کار لەسەر ئەو تایبەتمەندییانە بکرێ بۆ ئەوەی وەک زمانێکی زیندوو لە گشت بوارەکانی هزر و بیرکردنەوەدا کاری پێ بکرێ؟ دەتوانم بڵێم، بەداخەوە ئێستا، بەتایبەت لە کوردستانی ئازاد (باشووری کوردستان) سەرباری ئەوەی کە دەسەڵاتی سیاسی و ئابووریی هەیە، کەچی تا ئێستا سیاسەتێکی دیار و لەویش خراپتر پلانی زمانیی ئەوتۆ نییە، کە بتوانێ پەرە بە توانا هێزەکی و کەمتر کارلەسەرکراوەکانی زمانی کوردی لە بەرەگەی دنیای نوێ و شەپۆلەکانی مۆدێرنیتێدا بدات، بەپێچەوانەوە ئەگەر بتەوێ سەرنج بخەیتە سەر کتێبەکانی خوێندنی کوردی و چاپەمەنی و ڕۆژنامە و گۆڤار و، تەنانەت زمانی نامەگەلی ڕێنوێنی و کاروباری دیوانسالاریی نێو دامودەزگاکانی میریشەوە، دەبینی ئاڵۆزییەکی وەها بەسەر هەرسێ بواری ڕێزمان، ڕێنووس و وشە و وشەسازیی کوردیدا زاڵە، کە لەجێی ئەوەی خزمەت بە زمانەکە بکات، بەرەو لاوازیی دەبات. بۆیە بە ڕای من، پێویستە لە کوردستانی ئازاد بیرێکی خێرا لەو ئاڵۆزییە زمانکوژە بکرێتەوە و لە پارچەکانی دیکەی کوردستانیش، مادام داگیرکەران مۆڵەتی خوێندن بە زمانی کوردی نادەن، خانەوادەکان خۆیان هەوڵ بدەن منداڵەکانیان پێش ئەوەی بچنە بەرخوێندن بە زمانی داگیرکەر و داسەپاو، فێری خوێندن و نووسین بە زمانی دایکیی خۆیانیان بکەن و بە هەر ڕێیەکدا دەگونجێت هەوڵ بدەن کتێبخانەیەکی کوردی لە ماڵەکانی خۆیاندا پێک بێنن و جودا لە بەرهەمە زانستی و ئەدەبی و کەلەپوورییەکان، ئەو کتێبە ڕیزمانییانەش دابین بکەن، کە بۆ فێرکردنی ڕێزمانی کوردی نووسراون. جوادا لەوەش پێویستە نەتەوەی کورد لە ڕێی چالاکیی مەدەنی و خۆپێشاندانەوە، لە بۆنەی جیاجیادا، بەتایبەت لە ساڵهاتی ڕۆژی زمانی دایکیدا فشار بخاتە سەر داگیرکەرانی کوردستان و داوای مافی ڕەوای خوێندن بە زمانی دایکی بکات و شێلگیربوون لەسەر ئەو داوایە بکاتە فشار لەسەر ئاسایشی سیاسیی داگیرکەران لە نێو کوردستاندا. بە هەرحاڵ، ئێمە دەزانین دژمنانی نەتەوەکەمان بۆ ئەوە ڕێ لە پەرەگرتنی زمانەکەمان دەگرن، چونکە دەزانن گرنگترین بناغەی نەتەوایەتی و هۆشیاریی هەر نەتەوەیەک زمانەکەیەتی، بۆێە ئێمەش دەبێ بە چنگ و بە ددان، نەک هەر زمانەکەمان بپارێزین، بگرە هەوڵ بدەین بە قووڵی فێری ببین و پەرەی پێ بدەین.  


سووسەن محەمەدخانی قیاسوەند/ رۆژنامەنووس
زمانی دایکی وه‌ک دڵ و هه‌ناسه‌یه ئه‌ره له‌شی ئایم. بێ دڵ و هه‌ناسه نمه‌تینیم بژیییم، ژیان بێ زمانی دایکیژ گاس نه‌تینم بووشم نماو به‌لام مه‌تینم بووشم فره سه‌خته و وه‌ک شکه‌نجه‌یه. ئایمێ دیرکه‌تی ئه‌ژ زمانی دایک، ئایمێ کاملی نیه. ئه ئایمه هیچ کات نمه‌تینی خاس و راهه‌ت ئه سه‌رێ گوژ و ژیانی گوژ و پیویسته‌یلی قسه بکه‌ی. نلسون ماندلا فتیه «وه زمانی که یه‌ک ئایم هالیه ماوتێ ئه گه‌ردی قسه نه‌که‌ن چون قسه‌تون وه مێشکیه مه‌ره‌سی، به‌لام ئه‌ر ئه گه‌ردی ئه ئایمه وه زمانی دایکی قسه بکه‌ینون، قسه‌تون وه دڵیه مه‌نیشی.». فه‌وتانی یه‌ک گه‌ل پیویست وه له‌شکه‌ر و چه‌کی شه‌ڕ و چه‌کوچوڵی نیزامی نیه‌ری. هه‌ر فه‌قه‌ت کافیه زمانی دایکی ئه‌ژنی بگرین تا ورده ورده کولتورێ گوژ ئه ده‌س به‌ی و ده‌س ئاخریژ گوژیژ ئه‌ناو بچوو.
زمانی دایکی هه‌ر ئه‌ژ ئایلی یه‌کی ئه‌ژ گرینگترین ئه‌بزاره‌یلیکه که هیمه دیریمون ئه‌ره یه که دنیامون خاستر بشداسیم، خاستر و راهه‌تر ئه گه‌ردی دنیامون و ئایمه‌یلی ترک ئیرتبات بگریم، ئه‌ره یه که بتینیم بووشیم ئه نم سه‌ر و میشک و دلی هیمه چه هه‌س و چه مه‌گوزه‌ری و یام بتینیم ئیحساسی گوژمان وه زمان باریم. به‌لام ئه‌ره پەرە گرتنی ئی گوژناسی و ئه‌ژ گوژ فتن و جیهانناسی و ئیرتباته هیمه پیویست وه یه دیریم که وه زمانی دایکی ده‌رس بخوه‌نیم. چشتی که به‌داخه‌وه تا ئیسگه هیمه‌ی کورد ئیمکانی ئه‌ومونه ئه ناو ئیران ناشتیه و هه‌ر یایژه وه ته‌نیایی مه‌تینی زیانی فره‌ی بیه‌ر ژیانی هیمه کورد. یه قسه منێ کورد نیه، میدیایلی فارس پره، ده‌سلاتداره‌یلی ئیرانه مووشن ئه ناوچه‌یلی که زمانی دایکی ئایله‌یلێ فارسی نیه، ئانه نمه‌تینن وه‌ک ئایله‌یلێ فارس ده‌رس بخوه‌نن، ئه ناو ده‌رس خوه‌نتن سه‌رکه‌ووت نمێن، ئه‌ره یه کتێب و کلاس وێیله مه‌که‌ن. ئه ئایله‌یله گوناهی نیه‌رێن. مسالی خاسی ئه‌رێنی هه‌س «وه‌ک یه‌سه هومه بێتون یه‌کی وه پا شه‌یل ئه ناو موسابقه دو ماراتون شرکه‌ت بکه‌ی» خا هه‌ر وه‌رێژ موسابقه‌یژ خاس دیاره که هیچ کات سه‌رکه‌ووت نماو.
هیمه ته‌نیا و ئه‌وه‌ل ئه‌ژ گشت نه‌باس قه‌بول که‌یمون وه زمانی داگیرکه‌ره‌یلی کوردستان قسه بکه‌یم و ده‌رس بخوه‌نیم. یایژه پیویست وه ئیتحادی گشتی کوردی دێرێ. به‌داخه‌وه من فره دیمه ته‌نا‌نه‌ت ئه ناو پارته‌یلی کوردی که‌سه‌یلێ که مووشن هیمه وه زمانی ره‌سمی موشته‌ره‌ک ئه ناو ئیران پیویستمونه به‌لام هیچ کات فکر نمه‌که‌ن هه‌نی بچیمه ژیر هژمونی زمانی داگیرکه‌ره‌یل یا هه‌ر زمانی ترک یه ئه‌وه‌ل ئه‌ژ گشت کومه‌لگا و کولتور کورده، ئایلێ کورد و زمانی کوردیه که زیانه مه‌ینێ. هه‌نی ئه ژیر ئێ هژمونیه هاتیمه ده‌رێر وه ئاسونی ڕێگای په‌ره‌داینی زمان پیا مه‌که‌یمون. هه‌ر چه‌ن زاراوه‌یلێ سورانی و کرمانجی به‌خشی ئه‌ژ ئێ ڕێگا چنه. به‌لام زاراوه‌یلێ کوردی خوارین چون میدیا ناشتنه، پارت ناشتنه، وه فره چشتی ترکیژ ناشتنه ئه‌ره یه وه ئاوردانه‌وه‌ی تایبه‌ت پیویست دێرن.
به رای من یه‌ک زمانناس خاستره مه‌تینی ولامی ئێ پرسیارتانه بێ. من هه‌ر یه مه‌تینم بووشم نه فه‌قه‌ت کوردی، هه‌ر زمانی ترکیژ که دەرفەتی گەشە پیاکردن داشتیه، ئه بواره‌یلی جوربه‌جور زانستی، فکری، کومه‌لگایی و ... تینستیه په‌ره بگری. یه نیه که بووشیم باس زمان هه‌تمه‌ن تایبەتمەندییە‌یلی دەگمەن داشتووتی تا بتینی هه‌لی گه‌شه پیا بکه‌ی. زمانه‌یلی زنێ که ئیستا ئه نم دنیا دیریم ته‌نانه‌ت ئینگلیزی هه‌ر ئه‌ژ ئه‌وه‌ل ئه‌جووره نێینه‌سه. ئه سه‌رێ ئێ زمانه‌یله کار بیه، وشه‌ناسه‌یل و زمانناسه‌یل وشه به‌رهه‌م ئاوردنه. ئی زمانه‌یله ویرای گه‌شه زانست، پیش‌که‌‌وتنه. زمانی کوردیژ هه‌رئیجوره. به‌تایبه‌تی زاراوه‌یلی کرمانجی و سورانی. ئه‌ژ ئوره‌یله که کرمانجه‌یل و سورانیه‌یل زانکو داشتنه، راگه‌یاندنه‌یلێ گشتی و پارتی داشتنه، ده‌رفه‌تێ کتێب بلاوی کردن داشتنه خا وه نسبه‌تی زاراوه‌یلێ ترک هه‌لێ گه‌شه پیا کردنه. یانی میا بووشم به‌ باواری من یه هەڵە‌یه که هیمه فکر که‌یم تایبەتمەندییە‌یلێ دەگمەن باس ئه ناو زمان بوو تا بتینی ئه بواره‌یلی جوربه‌جور پیش‌بکای. زارا‌وه‌یلی کوردی ئه‌ره پیش‌که‌تن، پیویست به که‌ره‌سته و ئیمکانات دێرن، زمانناس و وشه‌ناس، خه‌ڵکی دەروەست و پسپۆڕ نه تایبەتمەندییە‌یلێ بەرچاۆ.


فەرەیدوون ئەرشەدی/ شاعیر


زمانی کوردی یەکێ لە زمانەکانی ناوچەی رۆژهەڵاتی ناوەڕاستە و هەڵکەوتوو لە جوغرافیای سیاسی و فەرهەنگی نێوان وڵاتانی ئێران ،تورکیا و عێراقی ئێستادا. ئەم زمانە بە چەند زاراوەی سەرکییەوە، لە کۆنترین زمانەکانی ئەم ناوچەیە دێتە ئەژمار. لە هەمان کات دا، یەکێ لە داخراوترین زمانەکانی ئێستای ناوچەکەیە. داخراوە لە بەر ئەوەی لە سیستەم و ڕەوتی دیپلۆماسی  و ئابووری و پێوەندییەکانی ناوچەکەدا، بەشدار و کارا نییە .
هۆکاری بەشدار و چالاک نەبوونی  ئەم زمانەی ئیمە، لە سیستەم و چەرخەی ئابووری و سیاسی و فەرهەنگی  ناوچەکەدا، دەگەرێێتەوە سەر نەبوونی کیان و دەسەڵاتی سیاسی و ئابووری ئەو میلەتەی بەم زمانە قسە دەکەن .
ئەوەی تا ئێستە ئەم زمانە بێ دەسەڵات و کەم مەودایەی هێشتوەتەوە، لە خاڵی یەکەم دا، ئەدەبیات و شیعرێکی زۆر دەروەستە، لە نیوسەدەی ڕابردووش دا، بەتایبەت بزووتنەوەی نەتەوایەتی کورد لە سەرانسەری کوردستان دا ، کە دیارترینیان کۆماری کوردستانە و پاش کۆماری کوردستان  لەم ساڵانەی دوواییدا، پاش دەستەبەر بوونی نیمچە دەسەڵاتی باشووری کوردستان، مەوداکانی خۆی فراوانتر کردوە . ئەڵبەتە تەنیا لە ئیدارە و مۆئەسساتی ناوخۆیی دا.
گەرەکمە ئەو بیژم کە زمانی هەر نەتەوەیەک، تەنیا بە پێوەری ناوخۆیی و هەست و عاتیفەی تاکەکان ناپارێزرێ و گەشە ناکات، ئەگەر زمان لە دانان و پەرەپێدانی کیان و دەسەڵات و سیستەمی سیاسی و ئابووری و فەرهەنگی دا، بەشدار و کارا نەبێت، تەنیا بۆ بەردەنگی ناوخۆی خۆی زیندووە و کارا.
بە بۆچوونی من، زمان، مەسەلەیەکی ستراتژیکی زۆر گرینگە کە ناسنامەی هەر نەتەوەیەک بونیاد دەنێ .
بەڵام ئەگەر ئەو زمانە، لە ئاستی دیپلۆماسی، زانست و کاری ئیداری کۆمەڵگا و پەروەردە دا، بەشێوەی ڕەسمی   چالاک نەبێت، تەنیا زمانی ماڵ و منداڵ و کۆڕی فەرهەنگی و ئەدەبیی و بەلانی زۆرەوە، گۆڤار و رۆژنامە و تەلەفیزیۆنە ناوخۆییەکان دەبێت .
زمانی کوردی، وەکوو هەموو زمانە هاوشێوەکانی لە جوغرافیای سیاسی و کلتووری ئێمەدا، زمانێکی کۆن و پڕ وزە و ئامادەی بەشداری کردنە لە بەڕێوە بردنی ئەرکی ئیدارە کردنی کۆمەڵگا و پەرە پێدانی ئاستی زانیاری و وشەسازییە .
ئەگەر ئەم زمانە، کیانێکی سیاسی، هەوڵی بەرەسمی ناساندنی ئەسەلات و تواناکانی لە بەستینی  پێوەندی مرۆڤانی ئەم ناوچەیەی ئێدا نەدات، هەر وەک هەمیشە تەنیا و تەنیا مەسرەفی نێوخۆیی هەیە، هەستی ڕوشاو و غروری شکست خواردومان  ڕازی دەکات  و ناتوانێ سنوورەکانی خۆمان بەرەو ناساندنی وەک زمانکی زیندوو. ببەزێنێ .
 هەوڵی تاکە کەسی و بنەماڵە  و ئەنجومەن و مەحفێڵ و کلووپ و کافەکان،لە پرۆسەی گەشە پێدان و بەڕەسمی کردنی ئەم زمانە دا، کاریگەرن بەڵام، تا زەمانێک دەسەڵاتێکی ڕاستەقینە، زمانی کوردی وەک زمانی ڕەسمی لە دیپلۆماسی دراوسێیەکانی دا و لە سیستەمی پەروەردە و ڕاگەیاندنی دا، وەک سەرەکی ترین کۆڵەکەی پاراستنی ماڵی کورد بە کار نەهێنێ، هەوڵەکان دڵسۆزانە و کورت مەودا دەبن .

زمانی کوردی، سەرەڕای هەموو گرفت و کەمیی مەودای پێوەندییەکانی، وەک هەموو زمانە زیدووەکانی دونیا، خاوەنی خەسڵەت وتایبەتمەندی و توانای فرە گەورە و گونجاوە .
خەسارەی گەورەی ئەم زمانەش کە تا ئێستە بە هۆی نەبوونی دەسەڵاتێکی سەربەخۆی سیاسی، ستاندارەکەی دیار نییە، دابەش بوونیەتی بەسەر دوو " پیتی" ئارامی و لاتینە.
من بۆ خۆم لە هیچ وڵآتێکی  دیکەی دونیادا نەمدیوە کە یەک زمان بە دوو پیت بنووسرێ ! بە داخەوە هەر ئەم کێشەیە، خەریکە دووپارچەی گەورەی کوردستان لە باری فکری و کلتوورییەوە لەیەکتر دوور و دوورتر دەکاتەوە .


جەواد حەیدەری/ نووسەر و وەرگێڕ
زمانی كوردی لە باشووری كوردستان لە مەترسیدایە
یادی زمانی دایك لە كاتێكدا دەكەینەوە كە نەتەوەكەمان لەبەردەم چەندین هەڕەشەی نەیاران و دوژمناندایە، هەمووان بارودۆخی باشووری كوردستان دەزانن و پێویست بەوە ناكات من باسی لێوە بكەن، ڕۆژهەڵاتی كوردستانیش هەموو لێی ئاگادارن و باكوور و ڕۆژئاواش كەوتونەتە بەر لاشاوی هێرشی ڕەگەز پەرستەكانی تورك و ڕۆژ نییە بە دەیان كەس لە خوشك و براكانمان شەهید و بریندار نەبن.
هەنووكە ئێمەی كورد لەهەموو بوار و لایەنەكانەوە بەردەم لەناوچوون و هەپروون بە هەپروونداین. خاك و نیشتمان و ئاڵا و سەروەت و سامانی سروشتی و .. هتد هەمووی لەبەردەم مەترسییەكی گەورە دان.
ئەوەی لێرەدا دەمەوێت بە كورتی باسی لێوە بكەن زمانی كوردییە كە بەداخەوە خەریكە بەرەو لەناوچوون دەچێت، بە تایبەتی لە باشووری كوردستان، میدیای كوردی بە تایبەتی میدیای باشوور ئەوەی كە نەیارانی كورد بە زمانی كوردییان نەكرد ئەوان دەیكەن و ڕۆژانە لە میدیای باشوور ( چ بینراوە و چ بیستراو و چ نووسراو) كە چۆن وەك قەسابێك كەوتوونەتە گیان زمان و ڕێنووسی كورد و ئەوەی خوا پێی ناخۆشە بەم زمانەی دەكەن و كەسیش نییە متەقی لێوە بێت. بەداخەوە میدیای باشوور خەریكە كاریگەری خراپیش لەسەر پارچەكانی تر بە تایبەتی  ڕۆژهەڵاتی كوردستان دادەنێت و ئێستا زۆربەی میدیاكارانی باشوور خۆیان بە زمانزان و زمانناس دەزانن و ڕۆژانە چەندین وشەی بێ سەرو پێ كە خۆیان نەبێت كەس نازانێت لە كوێوە هاتووە و كورد وتەنی لە قوتوی هیچ عەتارێكدا نییە.
پێموایە ئەگەر ئاوا بڕوات ئەشێ لەم بەشە لە كوردستان فاتیحای زمان و ڕێنووسی كوردی بخوێنین ، ئەوە باسی بەشی وەرگێڕان ناكەم كە ئەوەیان وێرانە و جێی قسەی بۆ كەس نەهێشتۆتەوە. ڕۆژانە بە دەیان كتێبی وەرگێردراو بە سەقەتی و نوقسانی دێتە ناو كتێبخانەی كوردی كە دەبێتە لە داهاتوودا لیژنەیەك بۆ پێداچوونە و ڕاستكردنەوەی هەڵە زەقەكانی ئەو كتێبانە پێكبهێندرێت.
شتێكی تر كە پێویستە بوترێت بۆ زۆربەی ئەو كوردانەی كە لە هەندەران دەژین منداڵەكانیان بە باشی فێری كوردی نەكردووە و ئەمەش مەترسییەكی گەورەیە، چونكە نوام چۆمسكی زمانزان و بیرمەندی ئەمریكی دەڵێت: هەركەسێ زمانی دایكی بە باشی نەزانێ زمانەكانی تریش بە باشی فێر نابێت. هیوادارم دایك و باوكان لەوبارەیەوە هەوڵی خۆیان بخەنە گەڕ بۆ ئەوەی كە منداڵەكانیان لەپاڵ زمانە دەركییەكان زمانی زكماگی خۆیشیان بە باشی فێر ببن و هەموومان بتوانین خزمەتی زمان و كلتوری خۆمان بكەین.


هادی عەزیزی/ مامۆستای زمانی کوردی
وێڕای پیرۆزبایی لە هەموو مرۆڤایەتی بە گشتی و نەتەوەی کورد بە تایبەتی،  دەمهەوێ راستەوخۆ بچمە سەر وەڵامی پرسیارەکان و هیچ باسێک لە سەر مێژووی ماتریاڵی زمانی کوردی نەکەمەوە، چوونکە هەست دەکەم وەک زنجیرەیەکی تێهەڵکێش کۆمەڵێک ئاخافتن و نووسینی دووبارە و چەندبارە دێنێتە پێشەوە کە هەموومان زۆر جار بیستوومانە یان خوێندوومانەتەوە.
وەک گرینگی زمانی کوردی ، بە پلەی یەکەم ژێئۆپۆلتیکی کوردستان یان جوگرافیای سیاسی کوردستان و سنووری هەموو سەرحەدەکانی وڵات دیاری دەکا و بناغەی فەرهەنگیش دادەڕێژێتەوە.
هەر بۆیەش داگیرکەرانی کوردستان  بە بەردەوامی ویستوویانە خاکی کوردستان لە ژێر هاڕینی ئاسمیلاسیۆن و کۆچبەرکردنی زۆرەملێی کوردان ، لە نەتەوەی کورد پاک بکەنەوە هەتا لە پانتایی و بەرینی و جوگرافیای سیاسی کوردستان کەم ببێتەوە .
زمانی کوردی لەو دەگمەن زمانانەیە لە دونیادا کە هەموو وشەکانی بە بێ هەبوونی ناوەندێکی زمانەوانی، لە سروشت وەرگیراون و ژینگەی کوردەواری راستەوخۆ لە داڕشتنی زمانی کوردیدا  کاریگەرە و سەلمێنەری ئەو حەقیقەتە ئەوەیە کە نەتەوەی ئێمە دوای ئەو هەموو نەهامەتیە هەتا ئێستاش زمانەکەی بە هەموو شێوەزارەکان و لکەزارەکانی وەک خۆی ماوەتەوە. تەنانەت لە دراوسێیەکانی  کوردستان بە تایبەت زمان و وێژەی داگیرکەرانی کوردستان ، سەرەڕای زاڵبوونیان نەیانتوانیوە بەوشێوەیە کە ویستوویانە دەست بخەنە زمانی کوردییەوە  یان وشەکانی زمانی ئێمە وەکوو غارەت کردن، بۆ زمانی خۆیان بگوازنەوە .
بەرامبەر بە خۆمان؛
ئێمەی  کورد دەبێ بە هەر شێوەیەک بێ ناوەندێکی زمانی کوردی بە پاڵپشتی سیاسەتی نەتەوەیی و ئابوریێەکی بەهێز دابمەزرێنین، هەتا بتوانین تەواوی ئەو کەلەبەرانەی زمانی کوردی لەهەمبەر نوێکردنەوەو دانانی زمانی فەرمی و ستاندارد بۆ دامو و دەزگاکانی ڕاگەیاندن و سیستەمی پەروەردە، بدوورینەوە.
لە ساڵەکانی سی زایینی سەدەی ڕابردوو و بە هاتنە ئارای تیپی لاتینی کوردی لە ناوچەکانی باکووری کوردستان و قەوقاز و ئەرمێنیا، بە جۆرێک دو دەستەییەکی گەورە و دابڕانێکی گەورە لە نێوان ئێمەی کوردا دروست کردووە کە بە لاتینی و بە ئارامی دەنووسین. خاڵێکی دیکە کە ئێمەی کورد بە دەستییەوە دەناڵێنین بە سیاسی کردنی زمانی کوردیە، کە بە ئاشکرا لە ڕاگەیاندنەکانی باشووری کوردستان دەبیندرێ وهەر ڕاگەیاندنێک بە میکانیزمی بەکارهێنانی وشەی باو ناوچەی ژێر دەسەڵاتی خۆی، بە تایبەت لە شێوەزاری کورمانجی ناوەڕاست یا سۆرانیدا کەلێنێکی گەورەیان درووست کردووە.
خاڵی سێهەم؛
سەرهەڵدانی نووسین بە شێوەزارەکانی هەورامی و زازاکی و کەڵووڕییە کە لەو دواییانەدا هەر کامەیان حەول دەدەن بە نووسین و خەتی تایبەت، بە جۆرێک لە جۆرەکان خۆیان لە شێوەزارەکانی دیکە جیا بکەنەوە و لە کتێبخانەی کوردیدا ئەم باسە بێننە ئاراوە کە شێوەزارەکانی کورمانجی و سۆرانی ستەمیان لە زارەکانی دیکە کردووە.
خاڵی چوارەم ؛
دانانی فەرهەنگستانێکی وشە بۆ کۆکردنەوەی وشەکانی زمانی کوردی لە هەموو شێوەزارەکاندا و هەروەها نووسینەوەی ئەدەبی زارەکی کوردی هەتا بە چاودێری لێکدانەوەی وشەکان بە شێوەیەکی زانستی ڕەچەڵەک و ئیتۆمۆلۆژی، ئەو روناکاییە دەوڵەمەندە بخاتە بەرچاوی تاکی کورد، کە بنەچەک و بنەوانی زمانی کوردی لە هەموو زارەکاندا یەک شتەو و هەبوونی شێوەزار و لکەزار لە سەر ئەساسی جوگرافیای کوردستان دەوڵەمەندی بە زمانی کوردی بەخشیوە.
خاڵی پێنجەم؛
تێکشکاندنی ئەو دیوارەی کە نەیهێشتووە زمانی کوردی وەک نەبوونی دەوڵەتێکی نەتەوەیی لە دوای ڕۆنێسانسەوە بە دونیای پیشەسازییەوە بلەکێت و کەلە قۆناغی دەوڵەت- نەتەوەدا سازی و ڕێکخراوی تایبەت بە گەشەکردنی زمانی نەبووە، هەتا زمانی کوردی لە رووبەری کۆچەری بپەڕێنێتەوە.
خاڵی شەشەم؛
هاندانی زیاتر بۆ وەرگێڕان بۆ سەر زمانی کوردی لە بوارەکانی فەلسەفە و کۆمەڵناسی و پزیشکی و پیشەسازی و سیاسەت و هونەر و هتد، هەتا زمانی کوردی لە چوارچێوەی هەڵبەست و گۆرانی و چیرۆک و بەسەرهات نەهێڵێتەوە و پێشکەوتنەکانی مرۆڤایەتی بە واتای خۆی جێ پێی لە ناو زمانەکەماندا بکاتەوە.
لە بەشی کۆتایی ئەم باسەدا، وەک خاڵێکی وەچەرخان لە مێژووی زمانی کوردیدا، ئێمە دەبێ ئەو هزرە وەک خەت دابڕێژینەوە کە بتوانین لە پەنجەرەیەکی کوردییەوە چاو لە دنیا بکەین. واتای ئەم روانینە، لەو خاڵەوە سەرچاوە دەگرێ کە زۆرینەی تاکی کورد بە کوردی بیر ناکاتەوە و لە ناو مێشکیدا بە تورکی، فارسی و عەرەبی لێکدانەوەانی هەلاجی دەکا و دواتر بە کوردی دەیڵێ، کە ئەم میکانیزمە تەنیا بەفەلسەفەی زمانی کوردی تێکدەشکێندرێت.
کاتێک ئێمەی کورد، لێکدانەوەکانی ناو مێشکمان بەشەپۆلێکی کوردی هەڵسەنگێندرێت، بەستێنێکی گەورە بۆ هزر و ڕامانمان دەخوولقێت و وەک پێداگری لە ئاخافتنی کوردی بۆ هەمان هزر، دەتوانین پردی نێوان نوێگەری و ڕابردووش هەڵبچنین و بە پاراستنی توخمی وشەکانی زمانی کوردی، تەنانەت داهێنان لە وشەی نوێشدا بکەین.
ئەم جۆرە هزرە دەتوانێ یارمەتیدەر بێ بۆ درووستکردنی وشەی نوێ و تامەزرۆکردنی نەوەی نوێ بۆ لای زمانی زگماکی خۆیدا و پەرژینێکی توند و تۆڵ لە بەرابەر هێرشی فەرهەنگی و زمانی بێگانە و داگیرکەراندا، درووست بکات. 



هیچ نظری موجود نیست:

ارسال یک نظر